ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ: لەسێدارەدان لە جیهاندا بەڕێژەی 53٪ زیادی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت لەسێدارەدان لە جیهاندا بەڕێژەی 53٪ زیادی کردووە، ئێران و سعودیەش لەڕووی زۆریی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، لەدوای چینەوە دێن.
چایرا سانجیۆرجیۆ، شارەزای سزای لە سێدارەدانە لە رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرنشناڵ و لە نووسینگەی سەرەکییەکەی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، ئاماری شۆکهێنەری لە بارەی لەسێدارەدان کۆکردووەتەوە.
چایرا دەڵێ "تێبینیمان کرد، لەسێدارەدان لە ئێران بەراورد بە ساڵی 2021 بە رێژەی 83٪ زیادیکردووە. لە سعودیەش بەراورد بە ساڵی پێشتر، سێ هێندە زیادی کردووە".
بەگوێرەی راپۆرتە نوێیەکەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، لە چین هەزاران کەس لەسێدارەدراون بەڵام حکومەتی چین ئامارەکانی بە نهێنی هێشتووەتەوە، لە ئێران لەسێدارەدان 83٪ زیادیکردووە بەراورد بە 2021 و لە سعودیەش سێ هێندە زیادیکردووە، میسڕ لە پلەی چوارەم دێت و لەسێدارەدان تێیدا بەڕێژەی 51٪ زیادیکردووە، ئەمریکا لە پلەی پێنجەم دێت و لەسێدارەدان 64٪ زیادیکردووە.
سەبارەت بە عێراق، هەرچەند لەسێدارەدان بە رێژەی 35٪ کەمیکردووە، بەڵام هێشتا رێژەکە بەرزە و ئەو وڵاتە لە پلەی شەشەم دێت.
ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ دەڵێ لە 2022ـدا 883 کەس لە 20 وڵاتی جیهان لەسێدارەدراون، ئەمەش 53٪ـی زیاترە لە ساڵی 2021.
چایرا سانجیۆرجیۆ، شارەزای سزای لەسێدارەدان لە ئەمنستی ئینتەرناشناڵ هەروەها دەڵێ "نموونەی دڵتەزێنیشمان هەبوو لە بەکارهێنانی بێمانای سزای لەسێدارەدان، دوای ئەوەی بینیمان 81 کەس لە یەک رۆژدا لە سعودیە لەسێدارەدراون، نیوەیان سەر بە کەمینەی شیعە بوون، بەجۆرێک کە چیرۆکی چۆنیێتی بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدانمان پێدەڵێت کە چۆن وەکو ئامرازێک لەدەستی دەسەڵاتداران بەکاردێت".
بەگوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لەسێدارەدان لە ئێران لەدوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان لە ئەیلوولی 2022 زیادیکردووە، لە 2022دا 582 کەس لە سێدارەدراون، مافی مرۆڤی ئێرانی دەڵێت ئەم لەسێدارەدانانە هەوڵێکن بۆ چاندنی ترس و تۆقاندن لەنێو ئەوانەی دژی دەسەڵات خۆپیشاندان دەکەن.
نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت تەنیا لە 4 مانگ و 9 رۆژی 2023ـدا، لانیکەم 209 کەس لە ئێران لەسێدارە دراون.