ئاماری نافەرمی: 3.2%ی دانیشتووانی لوبنان کوردن؛ بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان نەبوو

17-05-2022
ئەیوب نەسری
ئەیوب نەسری
جیاکردنەوەی دەنگەکان دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە لوبنان. وێنە: AFP
جیاکردنەوەی دەنگەکان دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە لوبنان. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو - بەیرووت

لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان خەڵک چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەیانن، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان رێژەی کورد لەو وڵاتە 3.2%ە، بەڵام هیچ بەربژێرێکی کورد لە هەڵبژاردنەکەدا نەبووە.
 
"رەوتی ئاییندە" هێزێکی سوننەیە، بە گوتەی خۆیان نیوەی کوردانی لوبنان لایەنگری ئەوانن، بەشداریی هەڵبژاردنیان نەکردووە، بەڵام لە هەڵبژاردنی پێشوودا هیچ کوردێک لە رەوتەکە بەربژێر نەبووە بۆ پەرلەمان، بەڵام لە داهاتوودا بەنیازن هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێن و بەربژێری کوردیشیان بۆ هەڵبژاردن هەبێت.
 
عومەر ئەلکوش، رێکخەری گشتیی رەوتی ئاییندە لە بەیرووت دەڵێت، "رەوتی موستەقبەل پێنج کوردی بەربژێر کردبوو بۆ موختاری و سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، ژمارەیەک دەنگیان بۆ ئەوان چوون، ئەمە دەستپێکێکی باشە تاوەکو کۆمەڵگەی لوبنان بەربەستی پرسیارکردن لەبارەی ناسنامە و نەتەوە بگۆڕن بۆ پێشوازیکردن لە لوبنانێکی گشتی و رەها، پشت بە خودا بەمنزیکانە نوێنەری کورد لە پەرلەمان دەبینین."
 
عەبدوڵڵا بەیدود، سیاسەتڤانی شیعە هۆکاری نەگەیشتنی کورد بە پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەگەڕێنێتەوە بۆ کوردەکان خۆیان، ئەوەش بەهۆی بەربڵاوییان لەسەر بۆچوون و بیری جیاواز.
 
ئەو سیاسەتڤانە شیعە دەڵێت، "لەنێو کوردانی لوبناندا کەسانی شارەزا و مامۆستا و هونەرمەند و ئەندازیار و پزیشک هەن، وەکو هەموو پێکهاتەکانی دیکەی ئەو وڵاتە، ئەمڕۆ ئەگەر لەگەڵ یەکدی رێکبین هیچ کێشەیەک نامێنیت و کورسییەک تاوەکو دوو کورسیش دەتوانن لە پەرلەمان بەدەستبهێنن."
 
نیشتەجێبوونی کورد لە لوبنان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەلاحەدینی ئەیوبی، بەپێی هەندێک ئامار، ژمارەی کوردانی لوبنان نزیکەی 317 هەزار کەس دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە