ئەنجامدەری هێرشەکەی بۆستن سزای مەرگی بەسەردا سەپێندرا

رووداو - بۆستن
 
دادگای بۆستن، سزای مەرگی بۆ ژۆخار تسارنایڤ ئەنجامدەری هێرشەکەی ساڵی 2013ی ماراسۆنی بۆستن دەرکرد، کە تێیدا 3 کەس کوژران و 260 کەسی دیکەش برینداربوون. 

ژۆخار تسارنایڤ، ئەنجامدەری هێرشەکەی کۆتایی خاڵی ماراسۆنی بۆستۆن لە 15ی نیسانی 2013، کە ئەوکات تەمەنی 19 ساڵان بوو، لەلایەن دادوەرێکی دادگای بۆستنەوە لە دوایین دانیشتنی دادگادا رۆژی هەینی 15ی ئایار، دوای 14 کاژێر لە دادوەریکردن سزای مەرگی بەسەردا سەپێنرا.

 تسارنایڤ لەگەڵ تامیرلانی برا گەورەیدا پلانی ئەو هێرشەی دانابوو،بەڵام تامیرلان چوار رۆژ دوای رووداوەکە لەکاتی هەڵاتندا لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.

هەرچەندە چاوەڕێدەکرا دادگا سزاکەی ژۆخار سووکتر بکات، بەهۆی ئەوە لەژێر کاریگەری برا گەورەکەیدا ئەو کارەی ئەنجامداوە و ئەوکاتە تەمەنی تەنها 19 ساڵ بووە و تەنیاش هاوکاری پلانی برا گەورەکەی کردووە، بەڵام دادگا ئەو بابەتەی پشتگوێخست و سزای مەرگی بەسەردا سەپاند.
 
ژۆخار و تامیرلان تسارنایڤ بە رەچەڵەک خەڵکی چیچانن و لەساڵی 2002 وەک پەنابەر لەگەڵ خێزانەکەیاندا روویان کردووەتە ئەمریکا و لەوکاتەوە لەوێ نیشتەجێبوون، بەڵام دوای رووداوەکەی بۆستن لە 2013 باوکیان گەڕایەوە بۆ کیرغستان و لە ناوچەی داغستان نیشتەجێبووە، کە بەشێک لە دانیشتوانەکەی چیچانین.