ئەمریکا رەتی دەکاتەوە ئێران لە هێرشەکەی ئیسرائیل ئاگاداری کردبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی کۆشکی سپی رەتی دەکەنەوە، ئێران پێش ئەوەی هێرشەکەی سەر ئیسرائیل بکات، ئاگاداری کردبنەوە؛ ئەو هەواڵانەیش لەو بارەیەوە بڵاودەکرێنەوە بە "گاڵتەجاڕ" ناودەبەن.
 
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن، رەتیکردەوە حکومەتی وڵاتەکەی پێش هێرشەکەی رۆژی شەممە هیچ پەیامێکی لەگەڵ تاران ئاڵوگۆڕ کردبێت.
 
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە میدیای بەریتانی لە زاری بەرپرسێکی باڵای تورکیاوە بڵاویکردەوە، ئێران پێش هێرشەکە لە رێگەی چەند بەرپرسێکی تورکیاوە ئەمریکای لە هێرشەکە ئاگادار کردبووەوە؛ بەرپرسانی ئەمریکاش بە تارانیان گوتبوو، دەبێت هێرشەکەی سنووردار بێت.
 
گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئەو هەواڵانەی بە "گاڵتەجاڕ" ناوبرد و گوتی، "ئێران هەرگیز پەیامی نەناردووە کە تێیدا باسی کات و ئامانجی هێرشەکە بکات."
 
چەند رۆژێک پێش هێرشەکە بەرپرسانی ئێران لە ئاستی باڵا رایانگەیاند، وەڵامی ئیسرائیل دەدەنەوە، بەڵام باسیان لەوە نەکرد کە هێرشەکە چۆن دەبێت و کوێ دەکەنە ئامانج.
 
شەوی شەممە ئێران زیاتر لە 300 مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل 99%یان لەلایەن سیستمی دژە مووشەکیی ئیسرائیل و هێزی ئەمریکا و بەریتانیاوە تێکشکێندراون پێش ئەوەی ئامانجەکە بپێکن.
 
هێرشەکە یەکەم هێرشی راستەوخۆی ئێران بوو بۆ سەر ئیسرائیل.
 
رۆژی 15ی نیسانی 2024 هێرڤی هەلێیڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل سەردانی بنکەی سەربازی (نڤاتیم)ی لە باشووری ئیسرائیل کرد و بە سەربازانی گوت، "ئەو هێرشەی ئێران کە بە مووشەک، مووشەکی کروز و درۆن کرایە سەر خاکی دەوڵەتی ئیسرائیل، وەڵامدانەوەی بەدواوە دەبێت."
 
ئێرانیش لەسەر ئاستی باڵا هۆشداریی داوەتە ئیسرائیل لەوەی کە لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران و بەرژەوەندییەکانی، ئەم جارە تاران وەڵامێکی تووندتری دەبێت.
 
هێرشەکەی ئێران دوای ئەوە هات، رۆژی 01-04-2024 کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کرایە ئامانج و حەوت کەس، کە دووانیان فەرماندە و ئەوانی دیکەش راوێژکاری سەربازیی ئێران بوون، کوژران.