پەرلەمانتارێکی پێشووی هیندستان لە پەخشی راستەوخۆدا کوژرا

16-04-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
نیشانەکردن هیندستان هیندستان'
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانتارێکی پێشووی هیندستان لە پەخشی راستەوخۆدا لەگەڵ براکەی لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە بە گوللـە لێیاندرا و کوژران.
 
عەتیق ئەحمەد، ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی هیندستانە، کە ئێوارەی رۆژی شەممە (15ـی نیسان) لەکاتی گواستنەوەی لە گرتووخانەوە بۆ نەخۆشخانە لەلایەن پۆلیسەوە، لەگەڵ براکەی قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان دەکرد. لە پڕێکدا سێ چەکدار لەنێو رۆژنامەڤاناندا هاتنە دەرەوە، یەکێکیان دەمانچەی لەسەر سەری عەتیق دانا و تەقەی لێکرد و کوشتی، براکەشی بە هەمانشێوە بە دەمانچە کوژرا.
 
عەتیق ئەحمەد کە ئەندامی پەرلەمانی پێشووی هیندستانە، تۆمەتی کوشتنی لەسەرە، لەگەڵ براکەی لە گرتووخانەوە دەگوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ ئەوەی پشکنینیان بۆ بکرێت. 
 
رووداوەکە لە شاری پرایاگراج کە بە ئەلاهابادیش دەناسرێت، روویدا، کە دەکەوێتە ویلایەتی ئوتار پرادیش لە نێوەڕاستی هیندستان. 
 
دوای تەقەکردنەکەی شەوی شەممە، سێ کەس کە خۆیان وەک رۆژنامەڤان نیشان دابوو، یەکسەر خۆیان رادەستکرد و دەستبەسەر کران.
 
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت ئەحمەد و ئەشرەفی برای کەلەپچە کراون و بە رێگاوەن بەرەو نەخۆشخانەیەک بۆ پشکنینی پزیشکی و قسە بۆ رۆژنامەڤانان دەکەن. چەند چرکەیەکی پێناچێت، تەقە لە هەردووکیان دەکرێت و دەکوژرێن. 
 
چەند رۆژێک پێشتر کوڕێکی ئەحمەد لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکرا و کوژرا. ئەحمەدیش پێشتر هۆشداری دابوو، کە لەلایەن پۆلیسەوە هەڕەشە لەسەر ژیانی هەیە. 
 
ئەسعەد، کوڕی عەتیق ئەحمەد بوو و لەگەڵ پیاوێکی دیکە بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە دۆسیەیەکی کوشتن داواکراو بوون، سەرەتای ئەم هەفتەیە لەلایەن پۆلیسەوە کوژران.
 
پۆلیس دەڵێت ئەو سێ بکوژەی رووداوی کوشتنی پەرلەمانتارەکەی پێشوو، بە ماتۆڕ خۆیان گەیاندووەتە شوێنی رووداوەکە. پۆلیسێک و رۆژنامەڤانێکیش لە رووداوەکەدا بریندار بوون. 
 
لەدوای رووداوەکە، پۆلیس رایگەیاند لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە و هەموو جۆرە گرتبوونەوەیەکیشی لە ویلایەتەکە قەدەخە کرد. 
 
عەتیق و براکەی لە سەرەتای مانگی نیساندا بە تۆمەتی کوشتنی سیاسەتڤانێک لە مانگی شوباتدا، دەستگیرکرابوون. پێشتریش، ئەحمەد لە ساڵی 2019 بە تۆمەتی رفاندن زیندانی کرابوو.
 
مانگی رابردوو، دادگای باڵای هیندستان رەتیکردەوە گوێ لە داواکارییەکەی عەتیق بگرێت کە تێیدا ئاماژەی بەوەدابوو کە لەلایەن پۆلیسەوە مەترسی لەسەر ژیانی هەیە.
 
ویلایەتی ئۆتار پرادێش لەلایەن پارتی BJPـی هیندۆسی-ناسیۆنالیستەوە بەڕێوەدەبرێت و پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان رووداوی کوشتن لەو ویلایەتە بە "هەرەسی ئەمنی" لەلایەن پارتە باڵادەستەکەوە ناودەبەن. 
 
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، لە شەش ساڵی رابردوودا، لانیکەم 180 کەس کە رووبەڕووی تۆمەتی جیاجیا کراونەتەوە، لەو ویلایەتە لەلایەن پۆلیسەوە کوژراون.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.