نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 400 هەزار کۆچبەر روو لە ئەمریکا دەکەن

16-04-2023
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ناوچەی "داریەن گاپ" دەکەوێتە نێوان هەردوو وڵاتی کۆڵۆمبیا و پەناما و رێگەی سەرەکیی چوونی کۆچبەرانە لە ئەمریکای باشوورەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 زیاتر لە 400 هەزار کۆچبەر لەو رێگەیەوە بچنە ئەمریکا.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، ژمارەی کۆچبەران لە وڵاتانی ئەمریکای باشوور کە رێگەی مەترسیداری ناوچەی "داریەن گاپ" دەگرنەبەر بۆ گەیشتن بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرزبووەتەوە و لە سەرەتای کانوونی دووەمەوە تاوەکو نێوەڕاستی نیسانی ئەمساڵ زیاتر لە 100 هەزار کۆچبەر بەو رێگەیەدا رۆیشتوون، ئەوەش لە کاتێكدایە لە هەمان ماوەی ساڵی 2022دا ئەو ژمارەیە کەمتر لە 15 هەزار کۆچبەر بووە و بە درێژایی ئەو ساڵەش کەمتر لە 250 هەزار کۆچبەر بووە.
 
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە پێشبینی دەکات تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 ژمارەی کۆچبەران کە رێگەی "داریەن گاپ" بەکاردەهێنن لە 400 هەزار کۆچبەر تێدەپەڕێت.
 
ناوچەی "داریەن گاپ" ناوچەیەکی سرووشتیی سەختە، بە رووباری بەرفراوان، چیای سەخت، دارستانی چڕ و پڕ لە ئاژەڵە دڕندەکان ناسراوە و تێیدا ساڵانە دەیان کۆچبەر گیان لەدەستدەدەن یان بێسەروشوێن دەبن، ئەوەش سەرباری هەبوونی تۆڕەکانی بەقاچاخبردنی کۆچبەران و بڵاوبوونەوەی باندەکانی ئەنجامدانی تاوان لە کوشتن، دەستدرێژیی سێکسی، ئەشکەنجەدان و رفاندن و چەندین کاری نایاسایی دیکە لەو ناوچەیەدا.
 
حکومەتی ئەمریکا دەڵێت، لە نزیکەوە ئاگاداری زیادبوونی ژمارەی کۆچبەرانن کە لە وڵاتانی ئەمریکای باشوورەوە بە رێگەی ناوچەی داریەن گاپەوە بەرەو وڵاتەکەی دەچن و ئاماژە بەوەش دەکات، پەیوەندییان بە دەزگا هەواڵگرییەکانی کۆڵۆمبیا و پەناماوە کردووە تاوەکو زانیاریی ورد و دروست سەبارەت بە تۆڕەکانی بەقاچاخبردنی مرۆڤ کۆبکرێتەوە و کۆنترۆڵی دۆخەکە بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە