رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئاماری حکومەتی بەریتانیا، لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، نزیکەی پێنج هەزار کۆچبەر لە رێگەی بەلەمەوە بەشێوەیەکی نایاسایی چوونەتە بەریتانیا و تەنیا لە هەفتەی رابردوودا هەزار کۆچبەر روویان لەو وڵاتە کردووە.
رۆژی شەممە، 15ـی نیسانی 2023، یەک ساڵ بەسەر رێککەوتنی حکومەتی بەریتانیا و رواندا تێپەڕی. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان؛ لەوەتەی ئەو رێککەوتنە واژۆ کراوە، نزیکەی 45 هەزار کۆچبەر لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیز و بە بەلەم روویان لە بەریتانیا کردووە.
بەگوێرەی میدیای بەریتانیا، لە دوای ساڵێک لە رێککەوتنی حکومەتی بۆریس جۆنسنی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا و رواندا بۆ رەوانەکردنی کۆچبەرانی نایاسایی لە بەریتانیاوە بۆ رواندا، هیچ کۆچبەرێک نەنێردراوە بۆ رواندا. هاتنی کۆچبەرانیش بۆ رواندا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، 140 ملیۆن پاوەندی لەو بەرنامەیەدا خەرج کردووە و بڕیاریش بوو مانگی حوزەیرانی رابردوو، یەکەم کاروانی کۆچبەران بگاتە رواندا، بەڵام لە دوا ساتەکاندا راگیرا، ئەمەش بەهۆی تانەیەکی دادگەی باڵای مافەکانی مرۆڤی یەكێتیی ئەوروپا کە رایگەیاندبوو ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا بەبێ ویستی خۆیان پێچەوانەی مافەکانی مرۆڤە.
لە سەرەتای ئەمساڵیش، ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پلانێکی پێنج خاڵی راگەیاند بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی کۆچبەران لەو وڵاتە و تێیدا رایگەیاند، جێبەجێکردنی رێککەوتنامەکەیان لەگەڵ رواندا کاری لەپێشینەی دەبێت.
ئەوکات سووناک رایگەیاند: "دەبێ کار بکەین بۆ پەسندکردنی پڕۆژەیاسایەک بۆ راگرتنی کۆچبەرانی بەلەم و دڵنیابین لەوەی ئەگەری بە نایاسایی بێتە ئەم وڵاتەوە، دەمودەست دەستبەسەر بکرێت و لەم وڵاتە نەمێنێتەوە".
ساڵی رابردوو زیاتر لە 46 هەزار کۆچبەری نایاسایی لە رێگەی بەلەم 1109 بەلەم چوونەتە بەریتانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ