بەهۆی شەڕی نێوان دوو باند لە زیندانێکی ئیکوادۆر 12 بەندکراو کوژران


رووداو دیجیتاڵ

لانیکەم 12 بەندکراو لە زیندانێکی ئیکوادۆر کوژران. کوژرانی ئەو بەندکراوانە لەکاتێکدایە، هەر ئەم هەفتەیە شەش بەندکراوی دیکە بە هەڵواسراوی دۆزرانەوە و سێ پاسەوانی ژنیش کوژراون.
 
رۆژی شەممە، 15-4-2023، لە زیندانی گوایەکیڵ لە ئیکوادۆر شەڕ لە نێوان دوو گرووپی تاوانکاری لەسەر کۆنترۆڵکردنی قاچاخچێتیی ماددەی هۆشبەر لە نێو زیندانەکە روویدا.
 
پۆلیس باس لەوە دەکات، "لێکۆڵینەوە بۆ دیاریکردنی ئەوانەی بەرپرس بوون لە کوژرانی 12 زیندانییەکە دەستیپێکردووە." پۆلیس دەشڵێت، کوژراوەکان شوێنی گولـلە بەسەر جەستەیانەوە دیاربووە.
 
رۆژی هەینی نزیکەی 10 زیندانی دیکە کوژران. رۆژی چوارشەممەش شەش بەندکراو بە خنکاوی دۆزرانەوە و رۆژی پێنجشەممەش سێ پاسەوانی ژن لە دەرەوەی زیندانەکە لە رێستۆرانتێک بە چەک کوژران.
 
زیندانەکە لەسەر بەندەری گوایەکیڵە. ئەو بەندەرە بووەتە رێڕەوی قاچاخچێتیی ماددەی هۆشبەر لە نێوان پیرۆ و کۆڵۆمبیادا، کە دوو وڵاتی گەورە بەرهەمهێنەری کۆکایینن لە جیهان.
 
لە دوای شوباتی 2021ـەوە هەشت رووداوی خوێناوی لە نێو ئەو زیندانەدا روویداوە، کە بەهۆیەوە 600 بەندکراو کوژراون، کە زۆربەیان بەشێک لە ئەندامەکانی جەستەیان بڕاوە یان سووتێنراون.
 
بەگوێرەی سەرژمێرییەک، کە ئیکوادۆر لە 2022دا بڵاویکردووەتەوە، 31 بەندکراو لەو وڵاتە هەن و لە 36 زینداندا بەندکراون، کە بە هەموویانەوە توانای داڵدەدانی 30 هەزار بەندکراویان هەیە.