لە ئەمریکا خۆپێشاندان دژی قەدەخەی لەباربردنی منداڵ دەکرێت

16-04-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە واشنتن ژمارەیەک لە ژنان بەدەم گوتنەوەی درووشمەوە دژی قەدەخەکردنی مافی بەکارهێنانی حەبی میفاپریستۆن، تایبەت بە لەباربردنی منداڵ، رێپێوانیان بۆ بەردەم دادگەی باڵای ئەمریکا کرد.
 
رۆژی هەینی، دادگەی تەکساس بڕیاریدا حەبەکە قەدەخە بکات، بەو تۆمەتەی ژنان بۆ کوشتنی منداڵەکانیان پێش لەدایکبوون بەکاری دەهێنن.
 
دادگەی باڵای ئەمریکا کتوپڕ بڕیارەکەی سڕ کرد و رایگەیاند، پێویستی بە پێداچوونەوەی زانستییە.
 
گلۆریا ئاڵرێد، دادوەری پلە باڵای ئەمریکا دەڵێت، "هەڵسەنگاندنی زانستیمان دەوێت بۆ رێگریکردن لە دەرمانەکە و نامانەوێت دادوەریکردن لەسەر بنەمای ئایدۆلۆجیی ئاینی و بیروباوەڕی تاکە کەسی بێت، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای زانست بێت. ناشمانەوێت دادگەکان دەستگەیشتنی ژنان بە دەرمانەکە سنووردار بکەن، چونکە ئەوە مەترسی دەخاتە سەر ژیان و تەندروستیی ملیۆنان کەس."
 
دادگەی باڵای ئەمریکا داوای لە فەرمانگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا کردووە، پشکنینی تەواو بۆ حەبەکە بکەن و لە تەندروستبوونی دڵنیایان بکەنەوە.
 
بەگوێرەی ئەو فەرمانگەیە، بەکارهێنانی حەبەکە تاوەکو هەفتەی دەیەمی دووگیانی تەندروستە و لە 20 ساڵی رابردوودا لەلایەن پێنج ملیۆن و 600 هەزار ژنەوە لە ئەمریکا بۆ لەباربردنی منداڵ بەکارهاتووە؛ بۆیە ئامانجی دادگەکە ئەوەیە یاساکە لە قەدەخەکردنی تەواوەتی حەبەکەوە بۆ سنووردارکردنی بگۆڕ‌ێت.
 
لاورێن شێڵبی، پەرستار دەڵێت، "خۆم پەرستارم. ناتوانم بڕوا بەوە بکەم ئێستا دووبارە سەرقاڵی ئەم بابەتەین. خەڵک ئەم شەڕەیان پێشتر بۆ ئێمە کردووە تاوەکو تەندروستییەکی باشمان هەبێت."
 
رێگەدان یان قەدەخەکردنی لەباربردنی منداڵ لە ئەمریکا هەمیشە بابەتێکی گرنگە لای ئەمریکییەکان. کۆمارییەکان پاڵپشتی لە قەدەخەی لەباربردنی منداڵ دەکەن و دیموکراتەکانیش دەیانەوێت بە یاسایی بکرێت.
 
ئێستا لە 14 ویلایەتی ئەمریکا لەباربردنی منداڵ بە تەواوی قەدەخەیە؛ لە شەش ویلایەتدا بۆ ماوەیەکی کاتی یاساییە و لە حەوت ویلایەتیش بۆ ماوەیەکی کاتی قەدەخە کراوە؛ لە 24 ویلایەتیشدا بە تەواوی یاساییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە