نیویۆرک بە فەرمی شەڕی دژی جرج راگەیاند؛ 335 ساڵە جرج لەو شارە گیانداری باڵادەستە

 
رووداو دیجیتاڵ

کاتێک نیویۆرکییەکان بینییان کار گەیشتووەتە ئەوەی جرجەکان پیتزا لەنێو دەستی خەڵک دەدزن، تێگەیشتن کە خەریکە کۆنتڕۆڵی شارەکەیان لەدەست دەردەچێت، بۆیە بە فەرمی شەڕی دژی جرجیان راگەیاندووە.
 
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، ژمارەی جرج لە وێستگەکانی شەمەندەفەر و ژێرزەمینەکانی نیویۆرک گەیشتووەتە نزیکەی دوو ملیۆن جرج.
 
ئەم هەڕەشە گەورەیەی جرجەکان بەرپرسانی نیویۆرکی ناچار کردووە بە فەرمی شەڕ دژی جرج رابگەیێنن.
 
ئێریک ئادام، سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک دەڵێت، "نامانەوێت زەوتکارێکی وەکو جرج رۆژانە لەنێو ماڵەکانمان بمانتۆقێنێت. بۆیە رێگەم پێ بدەن ببمە یەکەم کەس، ئیمپراتۆری جرجەکانتان پێ بناسێنم، کاتی؛ فەرموو یەک دوو قسە بکە."
 
کاتی، دوای ناساندنی لەلایەن سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرکەوە، لەمەودوا بە مووچەی مانگانەی 1300 دۆلار پۆستی رووبەڕووبوونەوەی جرجەکان وەردەگرێت.
 
جرجەکان ببوونە هەڕەشەی راستەقینە لەسەر نیویۆرک؛ هێندەی پیتزای خەڵکیان خواردبوو، ماسوولکەیان پەیدا کردبوو، پشیلەش لێیان دەترسا. نەک هەر پشیلە، بەڵکو لە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت پیاوێکیان لە شووقەکەی بەگیرهێناوە.
 
کاتلین کۆرادی، بەرپرسی رووبەڕووبوونەوەی جرج دەڵێت، "لەمەودوا زیاتر من دەبینن و کەمتر جرج دەبینن. لەوانەیە جرجە پیتزا دزەکان حەزبکەن بەو جۆرە ناوبانگ دەربکەن، بەڵام جرج و ئەو دۆخە خۆشەی تێیدا دەژین چیدیکە لە نیویۆرک جێگەی چاوپۆشی نییە. دەسەڵاتدارێکی نوێ لە شار دەستبەکاربوو."
 
335 ساڵە جرج لە نیویۆرک گیانداری باڵادەستە، بەرپرسان هەموو بیرۆکەیەکیان بۆ لەنێوبردنی بەکارهێناوە، دواینیان لە 2018 بوو لە رێگەی بەکارهێنانی سەهۆڵی دوانۆکسیدی کاربۆن بۆ خنکاندنی جرجەکان لە شوێنی مانەوەیان، بەرپرسان توانییان لە رۆژێکدا 12000 جرج بکوژن.