فینلاند 10.4 ملیۆن یۆرۆ بۆ کارئاسانیی کۆچی یاسایی تەرخان دەکات


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی نێوخۆی فینلاند 10.4 ملیۆن یۆرۆ بۆ ژمارەیەک پرۆژەی پەیوەست بە کۆچی یاسایی و برەودان بە سیستمی پەنابەری تەرخان دەکات.
 
رۆژی شەممە، 15ـی نیسانی 2023، وەزارەتی نێوخۆی فینلاند رایگەیاند، چوار پرۆژەی پەیوەست بە چاوپێکەوتنی مافی پەنابەرێتی و بڕیارەکانی پەیوەست بە مانەوەی پەناخواز پاڵپشتیی داراییان پێگەیشتووە و لەلایەن ئاژانسی کۆچبەرانی فینلاندەوە جێبەجێ دەکرێت.
 
وەزارەتی نێوخۆی فینلاند دەڵێت، کۆی گشتی 10 ملیۆن و 400 هەزار یۆرۆی بۆ ئەو چوار پرۆژانە تەرخانکردووە.
 
لەو بڕە پارەیە، 667 هەزار و 593 یۆرۆ بۆ پرۆژەیەکی تایبەت بە هاوئاهەنگیی گەڕاندنەوەی پەناخوازان بۆ عێراق و سۆماڵ و "پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانە" تەرخانکراون. 
 
نزیکەی 1.1 ملیۆن یۆرۆ بۆ نوێکردنەوەی سیستمی چاوپێکەوتن و پرۆژەی پەیوەست بەو پرسە تەرخاندەکرێت کە بە KOTU ناسراوە و 212 هەزار و 429 یۆرۆ بۆ راهێنانی وەرگێڕی چاوپێکەوتن و ئامادەکردنی ستاف بۆ یارمەتیدانی پەناخوازان و چارەسەرکردنی ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕوویان دەبنەوە تەرخاندەکرێت.
 
پرۆژەیەکی دیکە، کە تایبەتە بە پرۆسەی بڕیاردان لە سیستمی زانیاریی کەسانی بیانی، پەرەی پێدەدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش 1.4 ملیۆن یۆرۆی بۆ تەرخاندەکرێت. جگە لەوەش، 435 هەزار یۆرۆ بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژەیەکی تایبەت بە گەڕاندنەوەی پەناخوازان بۆ وڵاتی سێیەم دیاریکراوە. هاوکات، 437 هەزار یۆرۆی دیکەش بۆ پەرەپێدانی ناوەندەکانی تەندروستیی دەروونی تەرخاندەکرێت. 
 
بەگوێرەی وەزارەتی نێوخۆی فینلاند، لە ساڵی 2022دا نزیکەی 48 هەزار و 86 کۆچبەر روویان لە فینلاند کردووە.