ئەو منداڵەی بە دۆلارێکەوە چووە هۆنگ کۆنگ و بووە ملیاردێر، بە گریانەوە دەڵێت: دەترسم

16-04-2021
کۆشش بێستانسووری
نیشانەکردن هۆنگ کۆنگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جیمی لای ملیاردێرێکی هۆنگ کۆنگە و خاوەنی رۆژنامەی (ئەپڵ دەیلی)یە، کە تاکە رۆژنامەی ئۆپۆزیسیۆنە لە هۆنگ کۆنگ. ئەو دەڵێت، وەکو کەسێکی "یاخی" لەدایکبووە و کەسایەتییەکی "یاخی"ی هەیە.
 
جیمی باڵاترین رەخنەگری پەکینە کە لەژێر یاسای نوێی ئاسایشی نیشتمانیی هۆنگ کۆنگدا دەستگیرکرابێت، دوای ئازادبوونیشی بە کەفالەت، بەشێوەیەکی پێشتر پێشینە نەکراو لەگەڵ کەناڵی بی بی سی چاوپێکەوتنێکی کردووە، ئەو چاوپێکەوتنەشی دوایین چاوپێکەوتنی بوو "وەکو پیاوێکی ئازاد".
 
یەکێک لە رۆژنامەڤانەکان لە رۆژنامەی ئەپڵ دەیلی باس لە دۆخی خراپی رۆژنامەڤانەکانی رۆژنامەکە دەکات، دەشڵێت "دەترسێت لەوەی لە هەر کاتێکدا زیندانی بکرێت".
 
لە چاوپێکەوتنەکەیدا جیمی باس لەوە دەکات، "ترس هەرزانترین و گونجاوترین رێگەیە بۆ حوکمکردن و کۆنترۆڵکردنی خەڵک". ئەو پێیوایە کە دوای ئازادبوونی بە کەفالەت لە ماڵەکەیدا بە شێوەیەکی "بێ کێشە" دەژی، بەڵام ژیانی لە زیندان بە "مانادار" ناودەبات.
 
جیمی لە چین لەدایکبووە، بەڵام لە تەمەنی منداڵیدا بە قاچاخ چووەتە هۆنگ کۆنگ، لە بیستەکانی تەمەنیدا چووەتە نێو دونیای فاشن و بووە بە یەکێک لە دەوڵەمەندترینەکانی هۆنگ کۆنگ، ئەو دەڵێت "کە هاتمە ئێرە [هۆنگ کۆنگ]، یەک دۆلارم پێبوو، بەڵام بەهۆی ئەم شوێنەوە هەموو شتێکم بەدەستهێنا.. خێزانێکی نازدار، کە زۆر پاڵپشتمن. ئەگەر کاتی دانەوەی ئەو قەرزە بێت، ئێستا کاتی پاکبوونەوەی منە".
 
پەیامنێری کەناڵە بەریتانییەکە پرسیار لە جیمی دەکات کە ئایا ترسی لە شتێک هەیە؟ ئەویش بە گریانەوە وەڵام دەداتەوە و دەڵێت "بەڵێ تۆ راست دەکەیت، ترسم هەیە".
 
لە ساڵی 1989 جیمی شاهیدی ئەوە بوو کە چین هەڵیکوتایە سەر خۆپێشاندانێکی قوتابیان لە پەکین/چین، دوای چەند ساڵێک لەو رووداوەش، رۆژنامەی ئەپڵ دەیلیی دامەزراند، کە رۆژنامەیەکی رەخنەگری تووندە لە حیزبی کۆمیۆنیستی چین.
 
ئەو پێیوایە کە ئازادیی رادەربڕین لە هۆنگ کۆنگ لە مەترسیدایە، سزاکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکاش بە باش دەزانێت بۆسەر حیزبی کۆمیۆنیستی چین.
 
جیمی دەڵێت، ئەگەر جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هاوشێوەی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەو وڵاتە بێت، ئەوان لە مەترسیدا دەبن.
 
وەکو جیمی دەڵێت، لەوانەیە "بیرکردنەوە و خەیاڵاتەکانت بەرەو دۆخێکی نائومێدکار بتبات. ئەگەر ئەوان بتوانن ترس لە ناختدا بچێنن، ئەوە ئاسانترین رێگە دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنت. هەرزانترین و کاریگەرترین رێگەشە بۆ کۆنترۆڵکردنت. خۆیشیان ئەمە دەزانن و زۆریش باشن لەم کارەدا [لە ترساندنی خەڵکدا]".
 
جیمی لە ئابی 2020 دەستگیرکرا، لە 31-12-2020 بە کەفالەت ئازادکرا، لە 9ی شووباتی 2020 دادگای باڵای هۆنگ کۆنگ ئازادکردنی بە کەفالەت رەتکردەوە، لە 19ی هەمان مانگیش داوایەکی بۆ ئازادکردنی بە کەفالەت رەتکرایەوە. تۆمەتەکانی کە دراونەتە پاڵ جیمی پەیوەندییان بە خۆپێشاندانەکانی هۆنگ کۆنگەوە هەیە کە لە ساڵی 2019 دەستیان پێکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە