ئالین و باوکی دوای مانگێک لە هێرشەکەی نیوزلاند بە یەکدی شادبوونەوە

16-04-2019
حەکیم داود
نیشانەکردن نیوزلاند
A+ A-

رووداو - هەولێر

وەسیم ئەلساتی رۆژی 15ـی مانگی رابردوو بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا دەستی کچە تەمەن چوار ساڵانەکەی گرت و ویستی بۆ نوێژی هەینی لەگەڵ خۆی بیباتە مزگەوت، بەڵام پێش ئەوەی بەتەواوی بگەنە نێو مزگەوتەکە بەر دەستڕێژی گوللە دران و هەردووکیان بە سەختی برینداربوون.

لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا ئالین، کە ئەو کات تەمەنی چوار ساڵ و ئێستا بووەتە پێنج ساڵ لە کۆمادا بوون. باوکیشی هەفتەی رابردوو لە کۆما دەرچوو. ئێستا تەندروستی هەردووکیان بەرەو باشتر چووە بەڵام هێشتا ئالین لە نەخۆشخانەیە.

وەسیم ئەلساتی وێنەیەکی لە فەیسبووکی خۆی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا جاسیندا ئاردێرن، سەرۆکوەزیرانی نیوزلاند بەبۆنەی شادبوونەوەیان بە یەکدی لە نەخۆشخانە سەردانی ئەو کچ و باوکەی کردووە.

وەسیم بە رەگەز ئوردنییە، لە شاری کرایستچێرچ سەرتاشخانەی هەبوو. خۆی و کچەکەی یەکێک بوون لە قوربانییەکانی دەستی ئەو هێرشەی رۆژی 15-3-2019 کرایە سەر دوو مزگەوتی نیوزلاند و بەو هۆیەوە 50 نوێژخوێن گیانیان لەدەستدا و 30 کەسی دیکەش برینداربوون.

وەسیم ئەلساتی باسی رۆژی هێرشەکە دەکات و دەڵێت، دوایین شت کە بیری دێتەوە ئەوەیە کچەکەی هەموو جەستەی خوێن بووە. "هەر ئەو کاتەی گەیشتینە نەخۆشخانە زانیم کچەکەم مردووە. چونکە بەڕاستی ئەو مردبوو. بە پزیشکەکانم گوت واز لە من بهێنن و بچنە لای کچەکەم".

وەسیم دوای دوو هەفتە و نیو مانەوەی لە کۆما بەهۆش خۆی هاتووەتەوە. ئەو کاتەش هەر ئەوەی دووبارە دەکردەوە کە "نەمتوانی کچەکە رزگاربکەم، نەمتوانی کچەکە رزگاربکەم". بەڵام وەسیم هەڵە بوو، چونکە کچەکەی رزگارکردبوو، ئەو کاتەی باوکی وایدەگوت ئالین لە نەخۆشخانەی ستارشیپی منداڵان بوو لە ئۆکلاند، بەڵام هێشتا هەر لە کۆمادا بوو.

بەگوتەی وەسیم، تەقەکارەکە تەقەکانی بەرەو سەری ئالین کردووە، بەڵام خۆی فریای کچەکەی کەوتووە و فیشەکەکان بەر سک و قاچی کەوتوون.

ئەو دەڵێت "ئەوان دەیانگوت کچەکەت باشە، بەڵام بڕوام پێنەدەکردن، تەنانەت بڕوام بە هاوژینەکەشم نەدەکرد".. بۆ ئەوەی بڕوابکات کچەکەی ماوە، پزیشکەکان بڕیاردەدەن وەسیم ببەنە نەخۆشخانە ستارشیپ و لەوێ ئالین ببینێت.

دیمەنی شادبوونەوەی وەسیم و ئالینی کچی پەرستار و پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکە هەموویان دەخاتە گریان. 

لە هەفتەی یەکەمی ئەم مانگەدا ئالین لە کۆما دەرچووە و بەهۆش خۆی هاتووەتەوە. تاوەکو ئێستا هەشت نەشتەرگەری بۆ کراوە و پزیشکەکان دەڵێن، دوای شەش مانگ پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی دیکەش هەیە.

ئالین چاوەکانی نابینێت و زۆر بە قورسی دەتوانێ قسەش بکات، تەنیا بە "بەڵێ" و "نەخێر" وەڵامدەداتەوە.

وەسیم خۆیشی هێشتا ناتوانێ رێ بکات. پزیشکەکان دەڵێن، لانیکەم ساڵ و نیوێکی دەوێ تاوەکو بەتەواوی دەتوانێ لەسەر پێی خۆی بڕوات.



وەسیم و ئالینی کچی ژمارەیەکی زۆر نامەی پشتیوانی و دیاریان بۆ نێردراوە. تاوەکو رۆژی 15-4-2019ـەش 49 هەزار دۆلاریان بۆ کۆکراوەتەوە. 

برێنتۆن تارانت، ئەو گەنجە سپیپێستە کە مانگێک پێش ئێستا دەستڕێژی گوللەی لە موسڵمانانی نێو دوو مزگەوت کرد و 50 کەس گیانیان لەدەستدا، بە تۆمەتی کوشتنی 50 کەس و هەوڵدان بۆ کوشتنی 39 کەسی دیکە رووبەڕووی دادگا کراوەتەوە.

وەسیم ئەلساتی دەڵێت "تەقەکارەکە سەرکەوتوو نەبوو، هەرگیزیش سەرکەوتوو نابێت، ئەگەر هەزاران تەقەکاری وەک ئەو هەبن هەر سەرکەوتوو نابن. ئەو ئێمەی یەکگرتوو کرد.  ئەو خۆشەویستی ئەم وڵاتەی نیشانی ئێمە دا. ئێمە ئەم وڵاتەمان خۆشدەوێ و ناچینە هیچ شوێنێکی دیکە. نیوزلاند ماڵی ئێمەیە، کرایستچێرچ ماڵی ئێمەیە".

هەڵوێستەکانی جاسیندا ئاردێرن، سەرۆکوەزیرانی نیوزلاند دوای هێرشەکە لەلایەن موسڵمانانی جیهانەوە بەرزنرخێندرا، ئەوەش دوای ئەوەی سەردانی مزگەوتەکانی کرد، لەچکی لەسەر کرد و بەشداری نوێژی هەینی کرد. 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە