رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە تەلەفۆن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا قسەی کرد: "پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی تورکیا و ئەمریکا، پرسە ناوچەیی و جیهانییەکانیان تاوتوێ کرد."
سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی تورکیا بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی ئاداری 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کردووە. ئەردۆغان ئەوەی خستەڕوو کە وەک دوو هاوپەیمان، باوەڕی تەواوی بەوەیە تورکیا و ئەمریکا پێکەوە لە قۆناخی نوێدا بە شێوەیەکی یەکگرتوو و بە ئاراستەی گەیشتن بە ئەنجام، بەوپەڕی مکوڕییەوە هاوئاهەنگییەکە پێش دەخەن.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە داوە، پێشهاتە هەرێمی و جیهانییەکان پێویستی بەوەیە راوێژ لە نێوان تورکیا و ئەمریکا لە هەموو بوارەکاندا زیاتر بکرێن. ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوان پشتگیری لە هەنگاوە جیدی و راستەوخۆکانی سەرۆکی ئەمریکا دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا.
راشیگەیاند، تورکیا لە سەرەتای شەڕەکەوە هەوڵی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوامی داوە و لەسەر ئەم پەیڕەوە بەردەوامیش دەبێت.
سەرۆککۆماری تورکیا لە دیدارەکەدا ئاماژەی بەوەدا، گرنگە پێکەوە بەشداری بکەن لە لابردنی سزاکانی سەر سووریا بە مەبەستی گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ سووریا و کاراکردنی ئیدارەی نوێ و ئاساییکردنەوەی دۆخەکە، ئەوەش دەرفەت بۆ گەڕانەوەی سوورییەکان بۆ زێدی خۆیان دەڕەخسێنێت.
ئەوەشی خستەڕوو لە قۆناخی نوێدا چاوەڕوانی هەنگاوەکانی ئەمریکا دەکرێت سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە تێگەیشتنێک کە بەرژەوەندییەکانی تورکیا لەبەرچاو بگرێت. هەروەها پەرەپێدانی هاوکاریی هەردوو وڵات لە بواری پیشەسازیی بەرگری و کۆتاییهێنان بە سزاکانی (CAATSA). تەواوکردنی پڕۆسەی دابینکردنی فڕۆکەی ئێف-16 و تەواوکردنی ئەو بابەتانەی کە تورکیا دووبارە بەشداری لە پڕۆژەی فڕۆکەی ئێف-35 بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ