وەزیری پەروەردەی ئەڵمانیا داوای ئامادەکردنی منداڵان بۆ ئەگەری جەنگ دەکات

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری پەروەردەی ئەڵمانیا رایگەیاند، پێویستە منداڵان فێری چۆنییەتی مامەڵەکردن بکرێن بۆ کاتی جەنگ، کارەساتی سرووشتی و بڵاوبوونەوەی پەتاکان. 
 
رۆژی شەممە، 16ـی ئاداری 2024، بێتینا ستارک ڤاتزینگەر، وەزیری پەروەردەی ئەڵمانیا گوتی، پێویستە منداڵان باشتر فێری چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو جۆرە قەیران و کارەساتێک بکەن؛ "کۆمەڵگە بە گشتی دەبێت باشتر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکانی وەکو جەنگ، بڵاوبوونەوەی پەتا و کارەساتی سرووشتی  ئامادە بکرێت."
 
وەزیری پەروەردەی ئەڵمانیا داوای کرد پەیوەندی نێوان قوتابخانەکان و سوپای وڵاتەکەی بەهێزتر بکرێت و رێگەش بە بەرپرسانی سەربازی بدرێت، بچن و ئەوە بۆ قوتابیان روون بکەنەوە کە سوپا چی دەکات و ئەرکی چییە، ئەمە لەکاتێکدایە ئێستا مامۆستا و بەڕێوبەرانی قوتابخانەکان دەتوانن سەربازە گەنجەکان بانگهێشتی قوتابخانەکان بکەن. 
 
وەزیرە ئەڵمانییەکە باسی لە گرنگی گوتنەوەی وانەکانی بەرگریی شارستانی بۆ منداڵان کرد. ئاماژەی بەوەش کرد، وانەکانی بەرگریی شارستانی لە قوتابخانەکانی وڵاتانی جیهانیش دەخوێندرێن، لەوانەش بەریتانیا، 'بۆیە پێویستە هەمان کار لە قوتابخانەکانی ئەڵمانیاش بکرێت.'
 
ئەمە جاری یەکەم نییە بەرپرسانی ئەڵمانیا داوای ئامادەکردنی کۆمەڵگەی وڵاتەکەیان بۆ جەنگ دەکەن. پێشتر و لە رۆژی 11ـی شوباتی ئەمساڵ دا، گارستن بغۆیە، سوپاسالاری ئەڵمانیا گوتی، بەهۆی زیادبوونی ئەگەری جەنگ و سەپاندنی بەسەر وڵاتەکەیدا، پێویستە لە پێنج ساڵی داهاتوودا سوپای ئەڵمانیا بە تەواوەتی ئامادەی جەنگ بێت.
 
سوپاسالاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کرد، ئامادەکاریی بۆ جەنگ پێویستی بە گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوە و بەرەوپێشبردنی راهێنانی سەربازی و توانای سوپایە. 
 
ئەو گوتانەی سوپاسالاری ئەڵمانیا دوای ئەوە هات کە رۆژێک پێشتر یانس ستۆلتنبێرگ، سکرتێری گشتیی رێکخراوی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) رایگەیاند، بۆ پڕکردنەوەی کۆگەکان و ناردنی هاوکاریی سەربازیی زیاتر بۆ ئۆکراینا، پێویستە پیشەسازیی بەرهەمهێنانی چەک فراوان بکرێت و چەکی زیاتر بەرهەمبهێندرێت. هەروەها گوتی، "تاوەکو ئەو کاتەی وەبەرهێنان لە ئاسایشمان بکەین و یەکگرتوو بین، دەتوانین رێگریی لە هەموو شەڕانگێزییەکان بکەین."