مانگی رەمەزان لە پەکین بەرز رادەگیرێت
رووداو - پەکین
مانگی رەمەزان لە نێو موسڵمانانی چین بەرز رادەگیرێت و رووژووانان بۆ دابینکردنی پێداویستیی رەمەزان سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن کە خواردن و کەرستەی حەڵاڵی خواردن دەفرۆشن، گرنگی بە پەرستشەکان دەدەن و بۆ تەراویح روو لە مزگەوتەکان دەکەن.
رووداو سەردانی بازاڕێکی پەکینی کردووە؛ لە خورمای عێراقییەوە بگرە تا هەرچی خواردنی حەڵاڵ و کەلوپەلی ئیسلامییە، لێی دەستدەکەوێت.
ماپێ لیان کە ناوە ئیسلامیەکەی ساڵحە، خەڵکی پارێزگای گانسۆیە لە باکووری چین. 28 ساڵە دووکانی کەلوپەلی ئیسلامی و خواردنی حەڵاڵی لە پەکین کردووەتەوە. جگە لە ئەرکە ئاینییەکەی، رەمەزان بۆی بووەتە دەرفەتێکی لەبار بۆ بازاڕەکەی.
ساڵح دەڵێت، "ئێمەی موسڵمان لە مانگی رۆژووگرتنداین، هەموومان رێگای جیاواز بەکاردەهێنین بۆ هیوای باشترین بۆخۆمان، چونکە مانگی رەمەزان زۆر زۆر شکۆدارە، دەرفەتێکە بۆ نزیکبوونەوە لە یەکدی و لە خودا، دەرفەتیشە بۆ فێربوون لەیەکدی، لێرە لە پەکین نەک هەر من بەڕۆژووم، نوێنەری خوشک و براکانمم لە گانسۆ، چای شیرمان بۆ دەنێرن، خورمای وشکمان هەیە لە عێراقەوە. شەوانە هەموومان دەچین بۆ مزگەوت بۆ گوێگرتن لە بانگدان و ئەنجامدانی نوێژی تەراویح."
هەرچەندە چین دووەم وڵاتی جیهانە لەڕووی زۆریی ژمارەی دانیشتووانەوە، بەڵام ئیسلام لەو وڵاتە ئایینی کەمینەیە، بەجۆرێک 20 ملیۆن پەیڕەوکاری ئایینی ئیسلام لەو وڵاتە دەژین کە دەکاتە نزیکەی یەک بۆ 1.5٪ـی تەواوی دانیشتووانی چین و زۆرینەیان لە نەتەوەی ئیگۆرن.
ما جیا جون، خاوەنی کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاریی ماڵەوەیە و دەڵێت: "لە مانگی رەمەزاندا هەموو موسڵمانان زۆر دڵخۆشن، چونکە ئەم مانگە، مانگی تاقیکردنەوە و پراکتیزەکردنی ئیرادەی خەڵکە، دەتوانین بە رۆژووگرتن هەست بە بەزەیی بکەین. مانگی رەمەزانی ئەم ساڵ هێندە درێژ نییە، کەشوهەوا فێنکە، بۆیە رۆژوو هێندە سەخت نییە، کات هێندە خێرا دەڕوات، چاوەڕێی جەژنی رەمەزان دەکەین کە دێت، لەو رۆژەدا هەموو خەڵکی موسڵمان بە جلوبەرگی جوانەوە، بە بۆنێکی خۆش دەچینە مزگەوت، بۆ ئەوەی ئاهەنگی بۆ بگێڕین."
بەپێی دەستووری کۆماری گەلی چین، چینییەکان لە هەڵبژاردنی باوەڕە ئاینییەکانیان ئازادن. پرسێک کە رێگەی داوە لەناو ئەم دەسەڵاتە کۆمیونیستە، مزگەوتەکان کراوە بن. بڵندگۆکان کاران و بانگ و دەنگی نوێژی تەراویح لەناو پەکین بەرزدەبێتەوە.
مزگەوتەکان ئاوەدانن و نوێژخوێنان 12 رەکات نوێژی تەراویح دەکەن.
یانگ های، دووکاندارە و دەڵێت، "لە پەکین بۆ شکاندنی رۆژوو بە شێوەیەکی ئاسایی دەچینە مزگەوت و گوێمان لە بانگ دەبێت، کاتێک کاتی شکاندنی رۆژوو هات، هەندێ ئاوی زم زم دەخۆینەوە بۆ کەمکردنەوەی تێنوێتی، و دوای ئەوە، هەندێک خورما دەخۆین، بڕێک وزەمان دەست دەکەوێت، دواتر ئێمە لەگەڵ مەلا نوێژ دەکەین، دوای نوێژ، لە مزگەوت خواردنی بەربانگ ئامادە دەکرێت، چێژ لە خواردنی بەربانگ و خۆشییەکەی وەردەگرین."
لەکاتێکدا 90٪ـی چینییەکان بێ باوەڕن و هەڵگری هیچ ئاینێک نین، نیزیکەی 40 هەزار مزگەوت لە چین هەن کە 27یان لە پەکینی پایتەختن.
ئایینی ئیسلام لەسەرتای 900ـەکانی زایینی لە رێگەی بازرگانە موسڵمانەکانەوە گەیشتە وڵاتی چین، ئەمە لەکاتێکدایە ئێستا چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی وڵاتانی ئیسلامی و موسڵمانانە لە جیهان.
سەرەتا لە چین بە ئایینی ئیسلامیان دەگوت "داشی فا" بە واتای یاسای عەرەب، بەڵام دواتر لە سەردەمی شانشینی تانگ و سۆنگ ناوەکەیان گۆڕا بۆ "ئیسلان" یان "خوو جیو جیاو" بەواتای ئیسلام و موسڵمان.