لە ئەنجوومەنی ئاسایش شەڕە قسە لەنێوان نوێنەرانی رووسیا و ئۆکراینا دروست دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رووسیا، جگە لە نێوخۆی ئەو وڵاتە لە بەشێک لەو هەرێمانەش کە لە ئۆکراینا کۆنترۆڵی کردوون بەڕێوەدەچێت. ئۆکراینا لە ئەنجوومەنی ئاسایش سەرکۆنەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکەی لەو ناوچانە کرد.
 
سێرگی کیسلیتسیا، نوێنەری ئۆکراینا لە ئەنجوومەنی ئاسایش گوتی، "بەڕێز سەرۆک، ئەو هەڵبژاردنە ساختەیەی لەو ناوچانەی لەلایەن رووسیاوە بە شێوەیەکی کاتی داگیرکراون دەکرێت، هاوکاتە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ترس لەنێو خەڵکی ئەو ناوچانە. داگیرکەرە رووسەکان هەموو رێگەیەکیان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی ئەو هەڵبژاردنە بکەن، لەنێویاندا هەڕەشەکردن، دەستبەسەرکردن، نەدانی مافە تەندروستییەکان و خزمەتگوزارییەکان و داگیرکاریی موڵک و ماڵ."
 
لە بەشێک لە هەرێمەکانی لوهانسک، دۆنێتسک، زاپۆریژیا و خێرسۆن کە رووسیا لەدوای شووباتی 2022 و هێرشکردنە سەر ئۆکراینا بەخۆیەوە لکاندوونی، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رووسیا بەڕێوەدەچێت.
 
باڵیۆزی رووسیاش لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت، نیگەرانیی رۆژئاواییەکان هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت.
 
دیمتری پۆڵیانسکی، جێگری نوێنەری رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش لە وەڵامدا گوتی، "پێتان خۆش بێت یان ناخۆش، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بۆ رووسیا بەردەوام دەبێت؛ هەروەها لەو هەرێمانەش هەڵبژاردنەکە دەکرێت کە لە ئەنجامی رادەربڕینی ویستی خەڵک لە ئەیلوولی 2022ەوە لەگەڵ رووسیا یەکیان گرتووەتەوە."
 
شەڕی رووسیا و ئۆکراینا پێ دەنێتە ساڵی سێیەم، رووسیا ئەو هەرێمانەی لە ئەنجامی شەڕەوە لە ئۆکراینا گرتوونی، بە ناوچەی ئازادکراو ناویان دەبات، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا رووسیایان بە داگیرکار لەو ناوچانە ناساندووە، لەڕووی سەربازیشەوە پاڵپشتییەکانیان بۆ ئۆکراینا دووپاتکردووەتەوە.