لە ئەفغانستان بەشێک لە کچان لە رێگەی رادیۆوە وانە دەخوێنن

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای بڕیارەکەی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ قەدەخەکردنی خوێندنی کچان، ئەوان دەیانەوێت لە فێربوون دوانەکەون، بۆ ئەو مەبەستەش بەشێک لە کچان گوێ لە پەخشی رادیۆیەک دەگرن و وانەکان دەخوێنن.
 
نازگوڵ ئیبراهیم، خوێندکاری پێشووی قۆناخی دەیەم دەڵێت، "فێربوون لە ماڵەوە یارمەتیمان دەدات پێداچوونەوە بەو بابەتانەدا بکەین کە لە قوتابخانە خوێندوومانە. زۆر سوودی لێدەبینم، ئەگەر قوتابخانە جارێکی دیکە بکرێتەوە، ئەوا زۆر سوودی دەبێت."
 
رادیۆکە هەفتەی یەک رۆژ بۆ ماوەی دوو کاژێر تەنیا لە پارێزگای بادغيس پەخشی هەیە.
 
عەبدولڕەزاق سدیقی، بەڕێوەبەری رادیۆکە دەڵێت، "گوێگرانی سەرەکیی ئێمە ئەو کچانەن کە ناتوانن بچنە قوتابخانە. ئەم پەخشە لەلایەن مامۆستایانی زانکۆوە دەکرێت و ئامانجیش لێی سوودگەیاندنە بە قوتابییەکان."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی یونیسکۆ، لەنێوان ساڵانی 2001 بۆ 2018، ژمارەی خوێندکاران و قوتابییان لە یەک ملیۆنەوە گەیشتە 10 ملیۆن کەس. ژمارەی قوتابییانی بنەڕەتی، لە سفرەوە بۆ 2.5 ملیۆن قوتابی بەرزبووەوە. ژمارەی ژنان لە خوێندنی باڵادا لە 5,000 خوێندکارەوە بۆ 100,000 خوێندکار لە ساڵی 2018 بەرزبووەوە.
 
پێش گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، رێژەی خوێندەواری لەنێو ژنانی ئەفغانستان 23% بوو، بەڵام لەدوای قەدەخەکردنی چوونی کچان بۆ قوتابخانە لەلایەن تاڵیبانەوە، پێشبینی دەکرێت رێژەی نەخوێندەواری لەنێوان ژنانی ئەفغانستان بە رێژەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە.