کۆنگرێسی ئەمریکا دەیەوێت کۆتایی بە دەستکراوەیی سوپای وڵاتەکەی لە عێراق بهێنێت

16-03-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆنگرێسی ئەمریکا دەیەوێت دەسەڵاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە عێراق لە سوپای وڵاتەکەی وەربگرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لە چەند رۆژی داهاتوودا لە ئەنجوومەنی پیران دەنگ لەسەر پرۆژەیاسایەکی تایبەت بەو پرسە دەدرێت. سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران دەڵێت، هەنگاوەکە کاریگەریی لەسەر توانای ئەمریکا بۆ بەرپەرچدانەوەی "هەڕەشەکانی ئێران" نابێت.
 
ئەگەر پرۆژەیاساکە پەسند بکرێت، کۆتایی بە مۆڵەتێکی تەمەن 20 ساڵە دێت، کە بە پێنتاگۆن درابوو بۆئەوەی بێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس، هێرش لەنێو عێراقدا بکات.
 
بە کۆتاییهاتنی دەستکراوەیی سوپای ئەمریکا، هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەبێ گڵۆپی سەوزی کۆنگرێس، لەنێو سنووری وشکانی، ئاسمانی و ئاویی عێراقدا ناکرێت. پرۆژە بڕیارەکەش لەلایەن کۆمەڵێک سیناتۆری هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات ئامادە کراوە.
 
چەک شومەر، سەرکردەی زۆرینەی دیموکرات لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەڵێت، "ئەمە ئەو هەفتەیەیە" کە ئەنجوومەنەکە بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەسەڵاتەی سوپا دەدات، کە دوو دەیەیە پێی دراوە.
 
شومەر باسی لەوەش کرد، "ئەنجوومەنی پیران لەم هەفتەیەوە، دەست بە پرۆسەی کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتە دەکات، کە جەنگی عێراقی پێ دەستپێکرا." سەرکردە دیموکراتەکە گوتیشی، "جەنگی عێراق ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە کۆتایی هاتووە. لە زووەوە دۆخەکە گۆڕاوە. بۆیە پێویستە یاساکانی نێو پەرتووکەکانیش بگۆڕێن."
 
ئامادەکردنی ئەم دەنگدانە دوای ئەوە دێت، کە لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران تاوتوێ کرا. لە سێ ساڵی رابردوودا، لیژنەکە دوو جار دەنگی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتەکە داوە، دوایینیان 13 بەڵێ بەرامبەر 8 نەخێر بوو، کە هەر لەم مانگەدا بوو.
 
تیم کەین، سیناتۆری ڤێرجینیا، کە لەگەڵ سیناتۆر تۆد یۆنگۆفی ئیندیانا سەرپەرشتیی پرۆژەیاساکە دەکات، پشتڕاستە لەوەی کە "بە دەنگێکی باشی هەردوو پارت" تێدەپەڕێندرێت.
 
کەین پێیوایە ئەگەر لە ئەنجوومەنی پیران دوو پارتەکە دەنگی بەڵێی لەسەر بدەن، دواتر ئەنجوومەنی نوێنەرانیش پشتیوانی لە بڕیارەکە دەکات.
 
بۆب مێنێدێز، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران رۆژی چوارشەممە 15-03-2023 گوتی، "هەندێک کەس لەوانەیە پرسیار بکەن کە ئایا هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتەکە کاریگەریی لەسەر توانای ئێمە بۆ پاراستنی وڵات دژی ئێران دەبێت یان نا؟ لە منەوە وەریبگرن، وەکو کەسێک کە بۆ ماوەی چەند دەیەیەکە کار بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران دەکەم، ئەمە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەرگریکردنمان دژی هەڕەشەی ئێران نابێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.