جیهان
تانکەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2003 کە لە کوەیتەوە چاوەڕێی هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی شەڕی عێراق دەکەن، وێنە: Scott Nelson/Getty
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی بیستەم ساڵیادی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، پەیمانگەیەکی ئەمریکیی پێشەنگ لە بواری لێکۆڵینەوە سەربازییەکان لە راپۆرتێکدا دەڵێت، تاوەکو ساڵی 2050 "چاوەڕێدەکرێت کۆی گشتیی تێچووی جەنگەکە لە عێراق و سووریا، مردنی نیو ملیۆن کەس و 2.89 ترلیۆن دۆلار تێبپەڕێنێت".
راپۆرتەکە لە لایەن پەیمانگەی واتسن بۆ لێکۆڵینەوە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە چوارچێوەی "پڕۆژەی تێچووەکانی جەنگ"ـدا ئامادەکراوە.
بە گوێرەی راپۆرتە 27 لاپەڕەییەکە، ئەو تێچووانەی "تاوەکو ئێستا" لەسەر ئەمریکا کەوتوون 1.79 ترلیۆن دۆلارن، لەگەڵ ئەو پارەیەی تاوەکو ساڵی 2050 لە چاودێریکردنی تەندروستی و مووچەی خانەنشینیی سەربازەکانی وڵاتەکە خەرجدەکرێت، دەبێتە 2.89 ترلیۆن دۆلار.
تێچووە داراییەکانی جەنگی عێراق لەسەر ئەمریکا
1.7 ترلیۆن دۆلارەکە لە ساڵی 2003 تاوەکو ئێستایە، تێچووی ئەمانە بووە:
826 ملیار دۆلار تێچووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بووە.
412 ملیار دۆلار ئەو بڕە پارە زیاددکراوە بووە کە خراوەتە سەر بودجەی بنچینەیی پێنتاگۆن بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی تایبەت بە عێراق.
سووی ئەو قەرزانەی ئەمریکا بۆ جەنگی عێراق کردوونی، بە 230 ملیار دۆلار.
62 ملیار دۆلار تێچووی ئەو کارانە بووە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە جەنگی عێراق کردوونی.
233 ملیار دۆلار، تێچووی چاودێریی تەندروستیی، خانەنشینی و قەرەبووی ئەو سەربازە ئەمریکیانەی بەشدارییان لە شەڕەکەدا کردووە.
ئەمانەی لەسەرەوەدا باسکراون، تەنیا تێچووی 2003 تاوەکو 2023 بوون، پەیمانگە ئەمریکییەکە چاوەڕێ دەکات تاوەکو ساڵی 2050، 1.1 ترلیۆن دۆلاری دیکەش لە چاودێریکردنی تەندروستیی سەربازانی ئەمریکا بڕوات، ئەو سەربازانەی بەشدارییان لە هێرشکردنە سەر عێراق و ئەرکەکانی دوای ئەوەدا کردووە.
زیانە گیانییەکان
راپۆرتە نوێیەکە ئامارەکانی سووریاش لەخۆدەگرێت، ئەو وڵاتەی، ئەمریکا لە سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆبامادا لەدوای بەهێزبوونی داعش، دەستی بە ئۆپەراسیۆن کرد تێیدا.
راپۆرتەکە لە بارەی زیانە گیانییەکانی جەنگەکەوە دەڵێت: "لەو کاتەوەی ئەمریکا لە ساڵی 2003 عێراقی داگیرکرد، لەنێوان 550 هەزار بۆ 580 هەزار کەس لە عێراق و سووریا کوژراون، کە دوو شوێنی ئێستای ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش،" هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، "چەند جارێک هێندەی ئەو ژمارەیەش بە هۆکاری ناڕاستەوخۆی وەکو ئەو نەخۆشیانەی دەکرا رێگرییان لێ کرابا، گیانلەدەستدان هەبووە".
هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "زیاتر لە 7 ملیۆن خەڵکی عێراق و سووریا لەم کاتەدا بوونەتە پەنابەر، هەروەها نزیکەی 8 ملیۆن کەس لە نێوخۆی ئەو دوو وڵاتەدا ئاوارە بوون".
زیانە گیانییەکان
بەگوێرە راپۆرتەکە، ئاماری کوژراوانی جەنگ لە ئاداری 2003 تاوەکو ئاداری 2023 لە عێراق و کوژراوانی جەنگی سووریا لە ئەیلوولی 2014 تا ساڵی 2022 بەم شێوەیە بووە، کە لە خشتەکەدا نیشاندراوە:
مەبەست لە بەڵێندەران ئەو کەسانەن کە ئەندامی هیچ دامەزراوەیەکی حکومیی ئەمریکی نین، بەڵکو بە گرێبەست کاریان لەگەڵدا کردوون. مەبەست لە پۆلیس و سەربازانی نیشتمانیش هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق و سووریایە. چەکدارانی لایەنی بەرامبەریش، هەر هێزێک دەگرێتەوە لە عێراق و سووریا دژایەتیی سوپای ئەمریکای کردبێت.
سەربازی هاوپەیمانەکانی دیکە، ئەندامانی سوپای هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە شەڕی عێراق و ئەو شەڕڤانە کوردانەش دەگرێتەوە کە لە شەڕی دژی داعشدا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گیانیان لەدەستداوە، بەڵام زیانە گیانییەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش ناگرێتەوە.
"پێشبینییە گەشبینییەکان" هەڵە دەرکەوتن
نیتا کراوفۆرد، پرۆفیسۆری زانکۆی ئۆکسفۆرد و هاوسەرۆکی "پڕۆژەی تێچووەکانی جەنگ" کە سەرپەرشتیی ئامادەکردنی راپۆرتەکەی کردووە، لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئیدارەی بووش لە خۆی پشتڕاست بوو و دڵنیایی بە خەڵکی ئەمریکا و جیهان دا کە جەنگ قوربانیی کەمی دەبێت، لەنێو خەڵکی سڤیل و سەربازیشدا، و سەرکەوتنێکی خێراشی دەبێت".
نیتا دەشڵێت: "هەروەک پڕۆژەی تێچووەکانی جەنگ بە بەردەوامی بە دۆکیومێنتی کردووە، ئەو پێشبینییە گەشبینانە رووبەڕووی ژمارەیەکی پیوانەیی کوشتن، تێچووی بەرز و بەردەوام و وێرانکاری هەرێمی دەبنەوە."
بەشێکی ئەو تێچووە بەردەوامانەی کە خانمە پرۆفیسۆرەکە باسی دەکات، بریتییە لە 397.5 ملیۆن دۆلار کە ئیدارەی بایدن داوای کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش تەرخان بکرێت.
زیانە ژینگەییەکان
راپۆرتەکەی پەیمانگەی واتسن باس لەوە دەکات، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق، لە ساڵانی 2003 تاوەکو 2021، 98 بۆ 122 ملیۆن تۆن دوانۆکسیدی کاربۆنیان دەرداوەتە نێو هەوای عێراقەوە، کە دەکاتە 12 بۆ 15٪ـی کۆی گشتیی گازە دەردراوەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی پێنتاگۆن.
ئەمریکا 20ـی ئاداری 2003 هێرشی کردە سەر عێراق و دەسەڵاتی پێشووی وڵاتەکەی لابرد کە سەدام حسێن سەرکردایەتیی دەکرد. زۆربەی هاوپەیمان و هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2011 عێراقیان جێهێشت، بەڵام ساڵی 2014 ئەمریکا بە هێزێکی بەرچاوەوە گەڕایەوە عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش. رووبەڕووبوونەوەی داعش هێشتاش بەردەوامە و بەرپرسانی پێنتاگۆن دەڵێن، گرووپە پەڕگیرەکە بە هەڕەشە بۆ سەر ناوچەکە و جیهانیش ماوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ