فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا: هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر بەرژوەندییەکانمان زیاتر بوون

16-03-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو - هەولێر

جەنەڕال فرانک مککێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا بۆ دوایین جار پێش ئەوەی پۆستەکەی جێبێڵێت لە بەردەم لیژنەی کاروباری هێزەکانی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەو وڵاتە گوتی، هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر بەرژوەندییەکانی ئەمریکا و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، "نەک تەنیا کەم نەبوونەتەوە، بەڵکو لە هەموو کاتێک زیاترن."
 
مککێنزی هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە "ژمارەیەک هێڵی سووریان بۆ ئێران" لە ناوچەکەدا داناوە. گوتیشی لە رێگەی جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی، هێزەکانیان توانیویانە بەرپەرچی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە بدەنەوە و بەو هۆیەشەوە، بە گوتەی خۆی، هێرشەکانی ئەو گرووپە بەوەکالەتانە لەم چەند مانگەی دواییدا "کەمبوونەتەوە."
 
سیناتۆرێک پرسیاری لە مککێنزی کرد کە ئایا پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا بە رادەیەک بەهێزە کە بتوانن سیستەمی بەرگرییان بۆ دابین بکەن تاوەکو بەرگریی لە خۆیان بکەن، مکێنزی بە بەڵێ وەڵامی دایەوە. 
 
ئەوە لە کاتێکدایە کە دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاندبوو، ئەوان لەگەڵ حکومەتەکانی هەولێر و بەغدا لە راوێژدان بۆ ئەوەی هاوکارییان بکەن سیستەمی بەرگرییان دەستبکەوێت. 
 
مککێنزی گوتیشی هێزە بەوەکالەتەکانی سەر بە ئێران ناتوانن بەئاسانی کاریگەری بخەنە سەر حکومەتی عێراق و ئێرانیش هیچی دیکە ئەو ئامانجە سیاسیەی دەستناکەوێت کە پێشتر لە عێراق هەوڵی بۆ دەدا. 
 
وەکو ئاماژەیەک بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، مککێنزی گوتی، لە "ناوچەی ناوەند" رێکخراوە پەڕگیرەکان بە "هەڕەشەیەکی راستەقینە" بۆ سەر ئەمریکا ماونەتەوە و بەو هۆیەشەوە، ناوچەکە بووەتە سەکۆیێکی ستراتیژی بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو گرووپانە. 
 
لەبارەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا بە سیناتۆرەکانی وڵاتەکەی گوت، ئەمریکا و هاوبەشە خۆجێیەکانی توانای خۆڕێکخستنەوەی داعشیان "لاوازکردووە." 
 
جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە وڵاتان چەکدارەکانی پێشووی داعش و ئەندامانی خێزانیان لە نێو زیندانەکان و کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی مایکرۆسۆفت لە پەکینی پایتەختی چین. وێنە: Reuters

مایکرۆسۆفت داوا لە ترەمپ دەکات لە هاککەرانی رووسی، چینی و ئێرانی بیانپارێزێت

سەرۆکی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت داوا لە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەکات، رێکاری زیاتر بگرێتەبەر بۆ پاراستنی کۆمپانیا ئەلیکترۆنییە ئەمریکییەکان، لە هێرشە سایبیرییەکانی رووسیا، چین و ئێران.