تەندروستیی سلێمانی: پێنج تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبوونەوە
بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە پێنج تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی چاکبوونەوە و گەڕاونەتەوە ماڵەوە.
د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، دۆخی تەندروستی تووشبووانی دیکەش بەرەو باشییە و ئامانجمان ئەوەیە لە نزیکترین کاتدا هەموو تووشبووان چاکببنەوە و بیاننێرینەوە.
بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی رێنمایی بۆ چاکبووانی کۆرۆنا هەیە و دەڵێت، رێنمایی تایبەتمان داوەتە ئەوانەی چاکبوونەتەوە لە کۆرۆنا، نابێت بۆ ماوەی 14 رۆژ کەس سەردانیان بکات.
لە هەرێمی کوردستان 34 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، نۆ کەسیان چاکبوونەتەوە و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە.
بۆ رێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندراوە، حکومەت و وەزارەتی تەندروستیی داوا لە هاونیشتمانییان دەکەن پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن تاوەکو لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە پارێزراو بن. لە کاتی پێویستیشدا پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە 122 بکەن.