وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: ئاشتیمان دەوێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت، نایانەوێت ئازاری هاووڵاتییانی سڤیلی فەڵەستینی بدەن و ئاماژە بەوەش دەکات، ئەوەی کاری بۆ دەکەن ئاشتییە لەگەڵ هەموو وڵاتان.
رۆژی هەیینی، 16ـی شوباتی 2024، یسرائیل کاتس، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن رایگەیاند، نایانەوێت ئازاری هاووڵاتییانی سڤیلی غەززە بدەن و ئامانجیانە بیانگوازنەوە بۆ ناوچەیەکی سەلامەت، بەڵام حەماس رێگری دەکات؛ هەروەها گوتی، "حەماس هاووڵاتییانی سڤیلی غەززە وەکو قەڵخانی مرۆیی بەکاردەهێنێت."
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، "بۆ دڵنیاییدان لەبارەی ئاسایشمان بەردەوام دەبین لە شەڕکردن دژی هەر چالاکییەکی تیرۆریستی لە غەززە" و "ئەم جەنگە تەنیا جەنگی ئێمە نییە، بەڵکو جەنگی جیهانە دژی ئیسلامیی تووندڕۆ و بەرەی خراپەکاری."
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەروەها گوتی، ئیسرائیل ئاشتی دەوێت و کار بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی لەگەڵ هەموو وڵاتان دەکات؛ ئاماژەی بەوەشکرد، تەلئەڤیڤ دەیەوێت غەززە ببێتە ناوچەیەکی لە چەک داماڵدراو.
یسرائیل کاتس رەخنەی لە بزووتنەوەی حەماس گرت و گوتی، قوتابخانە، نەخۆشخانە و بنکەکانی ئونروا بۆ مەبەستی "تیرۆریستی" بەکاردەهێنێت؛ ئاماژەی بە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە دانیشتووانی سڤیلی غەززە دا و گوتی، رێگە بە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان دەدەن و "ئامانجیشمان نییە ئەوانەی ئەو هاوکارییە مرۆییانە دەگەیەنن لە غەززە دەریان بکەین."
یسرائیل کاتس هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی رابردووی حەماسی بۆسەر وڵاتەکەی بە "دڕندانە" ناوبرد و گوتی، لەو هێرشەدا لانیکەم هەزار و 200 کەسی "بێتاوان" کوژران و 250ی دیکەش بە بارمتە گیران؛ وەزیرەکەی ئیسرائیل گەڕاندنەوەی ئەو بارمتانەی بە ئامانجی لەپێشینەی حکومەتی وڵاتەکەی دانا.
زیاتر لە چوار مانگە جەنگی ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە و رۆژ بە رۆژیش ژمارەی قوربانییانی جەنگەکە زیاتر دەبن؛ تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە سەرکەوتوو نەبوون.