دڵشاد شەهاب: کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بۆ گەیاندنی پەیامی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە

16-02-2024
پەیمان محەممەد
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسی میونشن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە، وەزیر و ئەندامانی کۆنگرێس هەبووە و کۆبوونەوەکانی بەردەوام دەبن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بۆ گەیاندنی پەیامی هەرێمی کوردستان بە جیهان زۆر گرنگە.
 
رۆژی هەینی، 16-02-2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە یەکەم رۆژی 60ـەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن  قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، ''کۆنفرانسەکە بۆ گەیاندنی پەیامی هەرێمی کوردستان بە سەرکردەکان و ئەوانەی لەسەر ئاستی جیهان بەشداریی بڕیاردان دەکەن، زۆر گرنگە.''
 
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوە کرد، ''ئێستا کێشە و هەڕەشەکانی ئاسایشی ناوچەکە بوونەتە کێشە و هەڕەشەی جیهانی و لە هەر کوێیەکی جیهان کێشەیەکی ئەمنی هەبێت، کاریگەری و رەنگدانەوەی بەسەر هەموو جیهانەوە هەیە؛ بۆیە میونشن گرنگترین کۆبوونەوەی ئەمنییە."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارە، لە چوارچێوەی بەرنامە و دیدار و کۆبوونەوەکانیدا، چەندین کۆبوونەوە و دیداری ئەنجام داوە. گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە دەڵێت، ''بێگومان متمانەکردن بە هەرێمی کوردستان وەکو کاراکتەرێکی سیاسی لە هاوکێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتایبەتی لە عێراق، خۆی رەوایی بەخشینێکی گەورەیە بۆ پێگە و کاریگەریی رۆڵی هەرێمی کوردستان؛ بۆیە بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن زۆر گرنگە."
 
ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنيۆ گوتێرێز، سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان؛ كيرياكۆس ميتسۆتاكيس، سه‌رۆكوه‌زيرانى يۆنان؛ سەرۆکوەزیرانی یۆنان؛ محه‌ممه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان بن جاسم ئال سانى، سه‌رۆكوه‌زيران و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر؛ گرانت شاپس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا؛ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا کۆبووەوە. 
 
دڵشاد شەهاب گوتی، دیدارەکان بەردەوام دەبن و چەندین دیداری دیکە هەن کە ئەمڕۆ و بەیانیش بەڕێوەدەچن.
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، ''ئێستا ئاڵنگاریی زۆر لە بەردەم هەرێمی کوردستاندا هەن و لەم دۆخە ئاڵۆزەی کە عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت، پەیامی ئێمە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان هاریکاری هەموو هەوڵە جیهانی و ناوچەییەکان دەبێت بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە".
 
''هەرێمی کوردستان هەڕەشە نییە بۆ سەر دراوسێکانی''
 
دڵشاد شەهاب ئەوەشی خستەڕوو، ''پەیامی ئێمە بۆ دراوسێکانمان ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان تائێستا هەڕەشە نەبووە و نابێتە سەرچاوەی کێشە و هەڕەشەش بۆ سەر هیچ یەک لە لایەنەکان".
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێیوایە عێراق بە دەست کۆمەڵێک کێشە و ئاڵنگاریی گەورەوە دەناڵێنێت، بە جۆرێک کە دۆخی عێراق بەرگەی ئەوە ناگرێت ببێتە بەشێک لەو شەڕەی لە ناوچەکەدا هەیە.
 
وەک دڵشاد شەهاب گوتی، ''هەرچەند جیاوازی هەیە لە نێوان پێگە و دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دۆخی عێراق رەنگدانەوەیەکی راستەوخۆی بەسەر دۆخی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.''
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هەڕەشانەی کە لەسەر هەرێمی کوردستان هەن، وەک بۆردوومانەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر و هەڕەشەی گرووپە ''لەیاسا دەرچووەکان'' کە هێرش دەکەنە سەر ئەمنییەت و ئاسایشی ناوچەکە، بابەتێکن کە دەسەڵاتی فیدراڵی بە ئامادەبوونی هەرێمی کوردستان دەیانخاتە بەرباس و رۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانیش لە عێراقدا تاوتوێ دەکرێن.
 
''هێشتا لە هەرێمی کوردستان و عێراق مەترسیی تیرۆر ماوە''
 
لە 17-10-2023ـوە چەندین جار هێرشکراوەتە سەر هێز، بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، ئەوەش بە پاساوی ئەوەی کە ئەمریکا لە شەڕی کەرتی غەززە هاوکاریی ئیسرائیل دەکات.
 
دوای بەرپەرچدانەوەی چەندین هێرشی گرووپە چەکدارەکان لەلایەن ئەمریکاوە، بەشێک لە لایەنە شیعەکان خوازیاری ئەوەن هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا عێراق جێبهێڵن.
 
دڵشاد شەهاب گوتی، مەترسیی تیرۆر کە هاوپەیمانان بەهۆیەوە هاتوونەتە عێراق، هێشتا لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان ماوە، ''بۆیە دەبێ هەڵسەنگاندنێکی راستەقینە [بۆ پرسی چوونە دەرەوەی هاوپەیمانان] بکرێت و تەنیا بە چاوی شەڕی غەززە و فەلەستینەوە سەیر نەکرێت، بەڵکو بەرژەوەندیی عێراق لەبەرچاو بگیرێت".
 
نێچیرڤان بارزانی لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، دیدارێکی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەبوو. دڵشاد شەهاب لەوبارەوە دەڵێت، ''دیدارێکی ئەرێنی بوو، تێیدا باسی ئەو هەنگاوانە کران کە بۆ رێککەوتن لەسەر پرسی بودجە، نەوت و زۆر پرسی دیکە پێویستن؛ تێڕوانینی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق لەوبارەوە هاوشێوە بوون.''
 
''یاسای بەرکار بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان هەیە''
 
بڕیاربوو 25ـی شوباتی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام دواخرا و کاتێکیش بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دیار نییە.
 
دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەیوەندی بە سکاڵایەکەوە هەیە لە دادگەی فیدراڵی لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکیسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە تۆمار کراوە و تێیدا داوای نادەستووریبوونی مادەکانی (36،22،15،9،1)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە کە پەیوەندییان بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە.
 
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوە کرد، ''ئێمە بە نیگەرانییەوە سەیری ئەم هەنگاوانەی دادگەی فیدراڵی دەکەین؛ ئەم دواخستنە کاریگەریی نەرێنی دەخاتە سەر کاری کۆمیسیۆن''.
 
وەک گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەیدا، هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەکارییەکی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان کردووە و ''ئەوەی کە بووەتە رێگر لە بەردەم پڕۆسەکە، دواخستنی بڕیاردانە لە دادگەی فیدراڵییەوە.''
 
دڵشاد شەهاب ئەوەشی خستەڕوو، ''کۆمیسیۆن خۆی بەستووەتەوە بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی، ئەگەر نا ئێمە پێمان وایە ئێستا یاسای بەرکار بۆ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام نامانەوێت دووبارە بێینەوە نێو ئەم کێشە و ناکۆکییانە.''
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، ''هەوڵی ئێمە بە ئاراستەیەکە کە رێگەیەکی دروست بۆ لێکتێگەیشتن لە نێوان سەرجەم لایەنەکاندا بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردن بکرێت.''

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پیاوێک بە بەردەم بۆرسەی نیویۆرک دا تێدەپەڕێت. وێنە: Reuters

پیاوێکی ئەمریکی بە گومانی پلاندانان بۆ تەقاندنەوەی بۆرسەی نیویۆرک دەستگیرکرا

پیاوێکی ئەمریکی تەمەن 30 ساڵ بە گومانی پلاندانان بۆ تەقاندنەوەی بۆرسەی نیویۆرک دەستگیرکرا. پلانەکەی دوای ئەوە ئاشکرابووە کە لەو بارەیەوە گفتوگۆی لەگەڵ چەند کەسێک کردووە بۆ ئەوەی هاوکاری بکەن، بەڵام نەیزانیوە کارمەندی پۆلیسن.