دژە تیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکان: داعش خاوەنی 10 بۆ 25 ملیۆن دۆلارە

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی باڵای دژی تیرۆری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە بەهێزبوونەوەی داعش دەدات و دەڵێت، "هێشتا داعش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی." 
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هەڕەشەکان و خۆ رێکخستنەوەی چەکدارانی داعش کۆبووەوە و رایگەیاند، هەرچەندە وڵاتانی جیهان لە چەند ساڵی رابردوودا زۆر کاریان کردووە بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی داعش، بەڵام هێشتا سەرچاوەی داهاتی داعش ماوە.
 
ڤلامێیر ڤۆرۆنکۆڤ، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، لە گوتارێکدا رایگەیاند: "داعش بەردەوامە کە هەڕەشەیەکی جیدی بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروست بکات، بەتایبەتی لەو ناوچانەی ناکۆکیان تێدایە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی وڵاتان بەردەوامن لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشەیە. لەگەڵ ئەوەش چالاکبوونەوەی داعش ئەگەرێکی بەهێزە" و توانای هێرشی تیرۆریستی ماوە. 
 
هەروەها ئەو بەرپرسە باڵایەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، سەرەڕای ئەوەی هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لەنێوبردنی هاوکارییە داراییەکانی تیرۆر ئەنجامی باشی بەدەستهێناوە، بەڵام ڤۆرۆنکۆڤ، گوتیشی: "یەدەگی دارایی داعش بە 10 بۆ 25 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت، کە ئەمەش چەند سەد ملیۆن دۆلارێک دابەزیووە بەراورد بە چەند ساڵێک لەمەوبەر".  
 
لەدرێژەی قسەکانیدا ئەو بەرپرسە باڵایەی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند رووبەڕووبوونەوەی داعش پێویستی بە هەوڵێکی گشتگیر و هەمەلایەنە هەیە و گوتی، "لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان، یەکگرتوویی وڵاتانی ئەندام بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر گرنگە و پێویستیشە وڵاتان ئامانجێکی هاوبەش بدۆزنەوە بۆ بەدیهێنانی ئایندەیەکی باشتر". 
 
بێجگە لە مەترسییەکانی داعش لە عێراق و سووریا، ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئەگەری بەهێزبوونی داعش لە رۆژئاوای کیشوەری ئەفریقا، ئەگەرێکی زۆرە، بەهۆی ئەو ناکۆکییە سیاسیی و ناسەقامگیریەی لەو ناوچەیە هەیە. 
 
مانگی رابردوو، بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایانگەیاند، سەرەڕای ئەوەی داعش لەساڵی 2017 لە عێراق لەساڵی 2019 لە سووریا شکستی پێهێندراوە، بەڵام رێکخراوەکە هێشتا لە نێوان 3 هەزار بۆ 5 هەزار چەکداری هەیە.
 
لە کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممە، 15ی شوباتی ئەنجوومەنی ئاسایش، بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایانگەیاند داعش لە عێراق دەستیکردووەتەوە بە چالاکییەکانیان لە ئاستێکی نزمدا لە رێگەی شانە نووستووەکانی. لە سووریاش لەمانگی تشرینی دووەمی پارەوە هێرشەکانی چڕتر کردووەتەوە.