ئۆکراینا و بەریتانیا رێککەوتنێکی 100 ساڵە واژۆ دەکەن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئۆکراینا و بەریتانیا رێککەوتنێکی 100 ساڵەیان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی بەرگریی نێوان هەردوو وڵات واژۆ کرد. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سەردانی کیێڤی پایتەختی ئۆکراینای کرد و لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی وڵاتەکە رێککەوتننامەکەیان واژۆ کرد. 
 
ستامەر بە رۆژنامەڤانانی گوت: "پێکەوە رێککەوتنێکی وەرچەرخێنمان واژۆکرد. یەکەمینە لە جۆری خۆی. دەبێتە هاوبەشییەک لە نێوان بەریتانیا و ئۆکراینا و رەنگدانەوەی ئەو سۆزە مەزنەیە کە لە نێوان هەردوو وڵاتماندا هەیە."
 
رێککەوتنەکە چەندین بوار دەگرێتەوە، لەوانەش سەربازی، وزە، زانستی، فەرهەنگی، ئابووری و چەندین بواری دیکە. 
 
رێککەوتنەکە ئەو هاوبەشییە بازرگانییە فراوان دەکات کە ساڵی 2020 هەردوو وڵات لەسەری رێککەوتبوون. هەروەها ئەو رێککەوتنە ئەمنییەشی لە کانوونی دووەمی 2024 واژۆیان کردبوو، بەهێزتر دەکات. 
 
ستامەر دەڵێت، "ئاوات"ی ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا "بۆ دوورخستنەوەی ئۆکراینا لە هاوپەیمانەکانی، شکستێکی ستراتیژیی گەورەی هێنا. بە پێچەوانەوە، ئێستا لە هەموو کاتێک لەیەک نزیکترین. ئەم هاوبەشییەش ئەو دۆستایەتییە دەباتە قۆناخێکی نوێوە."
 
ئەمە یەکەمین سەردانی ستامەر بوو بۆ کیێڤ وەک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا. 
 
بە گوێرەی میدیای ئەمریکی، بەریتانیا لەگەڵ ئۆکراینا لە گفتوگۆدایە بۆئەوەی لە دوای ئاگربەست، هێزێکی نێودەوڵەتیی ئاشتیپارێز لە ئۆکراینا جێگیر بکرێت. 
 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە