ئەڵمانیا بۆ سووریا: بنکە سەربازییەکانی رووسیا دابخەن، سزاکانی سەرتان هەڵدەگرین

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری تایبەتی ئەڵمانیا لە سووریا رایگەیاند، داوایان لە بەرپرسانی نوێی سووریا کردووە، بنکە سەربازییەکانی رووسیا لە وڵاتەکەیان دابخەن، بۆ ئەوەی سزاکانی سەر دیمەشق هەڵبگرن. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 16ـی کانوونی دووەمی 2025، تۆبیاس لیندنە، نوێنەری تایبەتی ئەڵمانیا لە سووریا بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "پێویستە بنکە سەربازییەکانی رووسیا لە سووریا دابخرێن". 
 
ئەو بەرپرسە ئەڵمانیا دەشڵێت، بە بەرپرسانی نوێی دیمەشقیان گوتووە، ئەگەر سەربازانی رووسیا لە سووریا بکشێنەوە، هەروەها ئیدارەی نوێ پاڵپشتیی مافی ژنان بکات، ئەوا سزا ئابوورییەکانی سەر دیمەشق لادەبەن.
 
دوو بنکەی سەربازی رووسیا لە پارێزگاکانی لازقیە و تەرتوسی سووریا هەن. بەگوێرەی میدیای رووسیا، 6 بۆ 7 هەزار و 500 سەربازی رووسیا لە وڵاتەکەن. 
 
رۆژی 8-12- 2024، گرووپە چەکدارەکانی سووریا بە سەرکردایەتیی دەستەی تەحریر شام، دیمەشقی پایتەختی سووریایان کۆنترۆڵکرد و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد هێنا. ئەو گرووپانە تاوەکو ئاداری داهاتوو حکومەتێکی کاتییان لە سووریا دروستکردووە. 
 
رۆژی هەینی، 10ـی کانوونی دووەمی 2025، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "ئەگەری هەیە یەکێتیی ئەورووپا دەست بە لابردنی سزاکانی سەر سووریا بکات، ئەگەر پێشکەوتنی روون (یەکلاکەرەوە) هەبێت". 
 
ئەو گوتانەی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، رۆژێک دوای کۆبوونەوەکەی بوو لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، ئەمریکا، ئیتاڵیا و فەرەنسا لەبارەی دۆخی سووریا. 
  
رۆژی پێنجشەممە ستیفان شنیک، نێردەی تایبەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری سووریا، دوای ئەوەی بە تەلەفۆن لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات قسەی کرد، بە میدیای نزیک لەو هێزەی راگەیاند، "ئەڵمانیا دەیەوێت بەشێک لە سزاکان هەڵبگرێت، ئەو سزایانە نا کە لەسەر بەشار ئەسەد (سەرۆکی پێشووی سووریا) و هاوڕێکانین، بەڵکو ئەو سزایانەی پەیوەندییان بە کەرتەکانی کارەبا، فڕۆکەوانی و وزەوە هەیە، بۆ ئەوەی هاوکاربین لە دووبارە بنیاتنانەوەی وڵاتەکە."
 
رۆژی 27ـی ئەم مانگە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل کۆدەبنەوە و بڕیارە گفتوگۆی ژمارەیەک پێشنیاز سەبارەت بە هەڵگرتنی بەشێکی سزاکانی سەر سووریا بکەن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە