وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: هانی لایەنەکان دەدەین بۆ پشتیوانی لە پێکهێنانی حکومەتی فرەلایەن لە هەرێمی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ عێراق و ئێران لە چوارچێوەی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان بۆ سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەردانی هەولێری کردووە."
 
رۆژی چوارشەممە، 15-01-2025، ڤیکتۆریا تایلەر، یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ عێراق و ئێران سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.
 
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت: "ئێمە هانی لایەنە سیاسییەکان دەدەین و پشتیوانی لە پێکهێنانی حکومەتێکی فرەلایەن و بەپەلە بکەن."
 
رۆژی چوارشه‌ممه‌، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازیی له‌ ڤيكتۆريا تایلەر، جێگرى ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهه‌ڵاتی نزیک و شاندێكى ياوه‌رى كرد.
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له‌ کۆبوونەوەیاندا په‌يوه‌ندييه‌كانى ئەمریکا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، دۆخى سياسيى عێراق و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ تاوتوێ کران؛ هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى گۆڕانكارييه‌كانى سووريا، بيروڕايان گۆڕيوەتەوە.
 
هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی هه‌ولێر - به‌غدا به‌پێی ده‌ستوور و یاسا و رێککه‌وتنه‌کان، هه‌روەها جه‌ختیان لە پێویستیی پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌ و تێوه‌نه‌گلانى عێراق له‌ ئاڵۆزى و پشێوييه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست کرده‌وه‌؛ ئەمەش وەکو لە راگەیێندراوەکەدا خراوەتەڕوو.
 
"دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ رێگە بە حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەدات پێشکەوتن لە مافەکانی مرۆڤ، گەشەی ئابووری و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان بکەن وەک بەشێک لە عێراقێکی سەقامگیر و سەروەر." ماتیۆ میلەر وای گوت.
 
سەبارەت بە ناکۆکییە نوێیەکانی نێوان هەولێر و بەغداش لەسەر نەوت و بودجە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "ئێمە هەوڵمان لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بەردەوام لەسەر بودجە کە درێژە بە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بدات. ئێمە پێداچوونەوەی بودجەمان لەم هەفتەیەدا بینیوە و داوای خێراکردنی پەسندکردنی دەکەین."
 
دەقی پرسیارەکانی دیار کوردە و وەڵامەکانی ماتیۆ میلەر:
 
رووداو: ئەمڕۆ ڤیکتۆریا تایلەر لە هەرێمی کوردستان بوو و لەگەڵ بەرپرسانی کورد کۆبووەوە، لەوانەش سەرۆکی هەرێمی کوردستان. مەبەستی ئەم سەردانە چییە؟ بۆچی ئێستا؟ لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی چی کرد؟
 
ماتیۆ میلەر: دەتوانم پێت بڵێم یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چوارچێوەی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان بۆ سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەوێ بوو.
 
رووداو: هیچ لێدوانێکت لەسەر گفتوگۆکان هەیە لە ناوچەکە، لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ؟
 
ماتیۆ میلەر: ئێمە هانی لایەنە سیاسییەکان دەدەین پشتیوانی لە پێکهێنانی حکومەتێکی فرەلایەن و بەپەلە بکەن. دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ رێگە بە حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەدات پێشکەوتن لە مافەکانی مرۆڤ، گەشەی ئابووری و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان بکەن وەک بەشێک لە عێراقێکی سەقامگیر و سەروەر.
 
رووداو: پرسیاری کۆتایی، هیچ لێدوانێکت لەسەر ئەو کێشانەی ئەم دواییانەی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە لەسەر نەوت و کێشەی بودجە؟
 
ماتیۆ میلەر: ئێمە هەوڵمان لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بەردەوام لەسەر بودجە کە درێژە بە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بدات. ئێمە پێداچوونەوەی بودجەمان لەم هەفتەیەدا بینیوە و داوای خێراکردنی پەسندکردنی دەکەین.