ئەردۆغان و پووتین 'ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و دیمەشق' تاوتوێدەکەن

16-01-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا - کرێملن دەڵێت، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسیان لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق کردووە. 
 
ئەوە لە کاتێکدایە کە رووسیا سەرپەرشتیی هەوڵەکانی لێکنزیککردنەوەی ئەنقەرە و دیمەشقی هاوپەیمانی دەکات.
 
لە ماوەی رابردوودا هەندێک کۆبوونەوە لەنێوان لایەنی تورکی و سوورییدا هەبووە کە دوایینیان کۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی بەرگریی هەردوو وڵات بوو لە مۆسکۆ. 
 
کۆبوونەوەکە رۆژی 28ی کانوونی یەکەمی 2022 بەڕێوەچوو و تێیدا عەلی مەحموود عەباس، وەزیری بەرگریی سووریا و خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا بە ئامادەبوونی سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە. 
 
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لەبارەی کۆبوونەکەوە رایگەیاند: "کۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی بەرگریی تورکیا و سووریا بۆ یەکەمجار لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011، هەنگاوێکی ئەرێنییە."
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتبوو، "وەزیری بەرگریی رووسیا سێرگی شویگۆ، داوای لە هاوتا تورکەکەی خولوسی ئاکار و هاوتا سوورییەکەی عەلی مەحموود عەباس کرد، پێکەوە کێشەکان چارەسەر بکەن." 
 
رۆژی 12ـی کانوونی دووەمی 2023، مەولوود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کیگالیی پایتەختی رواندا رایگەیاند، لە ماوەی داهاتوودا لەگەڵ هاوشانە سوورییەکەی کۆدەبێتەوە. 
 
هەمان رۆژ نووسینگەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی ئەو کۆبوونەوانە قسەی کرد و رایگەیاند، لێکنزیکبوونەوەی وڵاتەکەی و تورکیا بە نێوەندگیریی مۆسکۆ، دەبێ ئامانج لێی "کۆتاییهێنان بە داگیرکاری" سووریا بێت لەلایەن ئەنقەرەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا. وێنە: AFP

پووتین: لە ئەگەری زیادبوونی گرژییەکان، وەڵامێکی گونجاومان دەبێت

سەرۆکی رووسیا دەڵێت، لە ئەگەری فراوانبوونی جەنگ، وەڵامی گونجاویان دەبێت. هەروەها لەبارەی بەکارهێنانی مووشەکی دوورمەودا لەلایەن ئۆکرایناوە دەڵێت، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر جەنگ نابێت.