نەتەوە یەکگرتووەکان: لە 20 ساڵدا نزیکەی 110 ملیۆن پەنابەر و کۆچبەر زیادبوون

16-01-2021
بڕوا کیانی @brwakyani
نیشانەکردن کۆچبەران کۆچبەری کورد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کارگێڕیی کاروباری ئابووری و کۆمەڵایەتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی لەبارەی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر کۆچکردن و زیادبوونی ژمارەی کۆچبەر و پەنابەر لە دوو دەیەی رابردوودا بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، لە ساڵی 2000ـەوە نزیکەی 110 ملیۆن کۆچبەر و پەنابەر زیادبوو، بەڵام ساڵی رابردوو بەهۆی کاریگەریی کۆرۆناوە 27٪ کۆچکردن کەمبووەتەوە.
 
راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ناونیشانی کەمبوونەوەی گەشەی کۆچکردنە بەهۆی کۆرۆناوە. تێیدا هاتووە، بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید 19 و بوونی بە پەتایەکی جیهانی، بە نزیکەیی دوو ملیۆن کۆچکردنی لە جیهاندا کەمکردووەتەوە. بەوەش ئاستی پێشبینیکراوی هەڵکشانی کۆچکردنی ساڵانە 27٪ کەمبووەتەوە. 
 
لە ساڵی 2000 دا وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان باسی دەکات، ژمارەی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆیان ژیاون 173 ملیۆن کەس بوونە، بەڵام دوو دەیە دواتر و لە ساڵی 2020 ژمارەکە بۆ 281 ملیۆن کەس بەرزبووەتەوە. 
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە هۆی پەکخستنی سەرجەم جۆرەکانی گواستنەوەی مرۆیی لە رێگەی داخستنی سنوورەکان و وەستانی گەشت لە سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان.
 
لە راگەیێندراوێکدا، لیو ژێنمین، سکرتێری گشتیی کارگێڕیی کاروباری ئابووری و کۆمەڵایەتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بە وەکالەت دەڵێت، ئەو راپۆرتە ئەوە پێشان دەدات کە چۆن پەتای کۆڤید 19 کاریگەریی لەسەر ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان هەبووە.
 
کۆچبەران پارەی کەمتریان بۆ وڵاتەکەیان ناردووەتەوە
 
بەهۆی ئەو قەیرانە ئابوورییەی دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا جیهانی گرتەوە، ئەو بڕە پارەیەی کە کۆچبەران بۆ خێزانەکانیان لە وڵاتەکانی خۆیان ناردووەتەوە کەمی کردووە. بانکی جیهانی دەڵێت، رێژەکە 14٪ کەمی کردووە. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئەوەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەو وڵاتانە هەبووە کە زۆرترین کۆچبەریان هەیە، کە یەکەمیان هیندستانە و 18 ملیۆن کەس کە لەو وڵاتە لەدایکبوون، لە وڵاتانی دیکەدا دەژین. دوای ئەویش، مەکسیک، رووسیا کە هەر یەکەیان 11 ملیۆن کۆچبەریان هەیە، چین 10 ملیۆن و سووریا هەشت ملیۆن. 
 
زۆربەی کۆچبەران دەیانەوێت بچنە ئەڵمانیا و ئەمریکا
 
بەپێی راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو وڵاتانەی داهاتی تاکەکەس تێیاندا بەرزە زۆرترین خواستی کۆچبەرانیان لەسەر بۆ گەیشتن پێیان. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لە پلەی یەکەمە و لە 2020 دا 51 ملیۆن کۆچبەری لەخۆگرتووە. 
 
لە دوای ئەمریکا، ئەڵمانیا دێت کە میوانداریی 16 ملیۆن کۆچبەر و پەنابەری کردووە، سعودیە 13 ملیۆن، رووسیا 12 ملیۆن و بەریتانیاش نۆ ملیۆن.
 
ئەو کەسانەی ناچارکراون وڵاتەکانیان جێبهێڵن بوونەتە دوو هێندە

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، لە سەرەتای سەدەی 21ـەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهێز ناچار دەکرێن وڵاتەکانیان جێبهێڵن لە هەڵکشاندایە، جا چ بەهۆی قەیرانی ناوخۆیی وڵاتەکانیان، تووندوتیژی یان پێشێلکردنی مافەکانیان بێت. ژمارەکە لە 17 ملیۆن کەسەوە بووەتە 34 ملیۆن کەس. 

ژمارەیەکی زۆری کۆچبەرانیش رێگەی دوور نابڕن، بەپێی راپۆرتەکە، لە ئەوروپا، نزیکەی 70٪ـی کۆچبەران لە وڵاتێکی دیکەی ئەوروپییەوە کۆچی بۆ دەکەن. نزیکەی 63٪ـی کۆچبەرانی هەرێمی سەب- سەهاران لە ئەفریقا خەڵکی هەرێمەکانی دەوروبەرین. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.