هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بێ نوێنەرە
رووداو - لەندەن
دوای دەرچوونی بڕیاری گواستنەوەی بەیان سامی عەبدولرەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بۆ ئەمریکا، ئێستا هەرێمی کوردستان لەو وڵاتە بێ نوێنەرە.
بەپێی زانیارییەکان مشومڕی پارتە سیاسییەکان بە تایبەتیش پارتی و یەکێتی لەسەر دیاریکردنی کاندیدێک بەکۆتاهاتووە و بڕیارە یەکێتی نوێنەرێک دیاری بکات، بەڵام تا ئێستا یەکێتی ئەو پۆستەی پڕنەکردووەتەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان کێشەی نییە کێ دەبێت بە نوێنەر، تەنیا داوایان ئەوەیە نوێنەری داهاتوو کەسێک بێت بە توانا بێت و لە ناو رەوەندی کوردیش لە بەریتانیا خۆشەویست بێت.
بزووتنەوەی گۆڕان کە لە هەڵبژاردنەکانی ناوخۆی کوردستان پلەی دووەمی بە دەستهێنا و بەشداری لە حکوومەتدا کرد، لەبارەی ئەو پۆستەوە قسەی خۆی هەیە.
نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2005 ەوە بە فەرمی کراوەتەوە و لە چوار بەش پێکهاتووە، هەشت فەرمانبەریشی هەیە، ماوەی 9 ساڵیش بوو بەیان سامی عەبدولرەحمان نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو لە بەریتانیا، بەڵام لە ئۆکتۆبەری 2014 ەوە بە بڕیاری ژمارە 6459 ی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەمریکا گواسترایەوە.