رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و بەریتانیا جەختیان لە گرنگی پاراستنی هاووڵاتییانی سووریا و رێگری لەوەی وڵاتەکە ببێتە پەناگەی "تیرۆرستان" کردەوە.
رۆژی یەکشەممە، 15ی کانوونی یەکەمی 2024، ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئێکس بڵاویکردەوە، ئەنتۆنیۆ بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هەردوولا "گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پەرەسەندنەکانی سووریا کرد". ئاماژەی بەوەش کرد، وەزیرانی دەرەوە "جەختیان لە گرنگی پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل، گەیاندنی هاوکاری مرۆیی، رێگریکردن لەوەی وڵاتەکە ببێتتە پەناگەی تیرۆریستان و پرسەیەکی سیاسی گشتگیر کردەوە".
رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ گرووپە چەکدارەکانی سووریا کۆنترۆڵکردنی دیمەشقیان راگەیاند و بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە هەڵات بۆ رووسیا. ئێستا حکومەتێکی راگوزەر تاوەکو ئاداری داهاتوو لەو وڵاتە پێکهێندراوە. هێز و لایەنەکانی ئەو وڵاتە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە گفتوگۆدان بۆ دیاریکردنی داهاتووی وڵاتەکە.
ئەمڕۆ دوای گەڕانەوەی گیێر پێدرسەن، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا لە ئوردنەوە بۆ سووریا گوتی، "هاووڵاتییانی سووریا رووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی گەورە بوونەتەوە". داوای ئەوەشی کرد، "پێویستە هاوکاری مرۆیی زیاتر و دەستبەجێ بگەیێندرێتەوە سووریا".
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی شەڕی نێوخۆیی وڵاتەکەوە 14 ملیۆن کەس ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووە کە نیوەیان ناچار بە کۆچکردن بوونەتەوە. هەروەها، ئێستا 16.7 ملیۆن دانیشتووی ئەو وڵاتە پێویستیان بە هاوکاری مرۆییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ