پێنتاگۆن ساڵی داهاتوو سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە هەرێمی کوردستان دەدات
رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی یاسای بودجەی بەرگریی ئەمریکا بۆ ساڵی داهاتوو، کە تازە لە کۆنگرێس پەسندکراوە، پێنتاگۆن سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە هەرێمی کوردستان و عێراق دەدات بۆ ئەوەی لە وەڵامدانەوەی هێرشی درۆنی و مووشەکی بەکاری بهێنن. بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەو بودجەیەی کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و یارمەتیدانی پێشمەرگە، هەسەدە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق تەرخان دەکرێت، کەم دەکرێتەوە.
یاسای بودجەی بەرگریی نیشتمانیی ئەمریکا کە رۆژی پێنجشەممە لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسند کرا، 886 ملیار دۆلار دەخاتە بەردەست پێنتاگۆن بۆ ئەوەی لە ساڵی داهاتوودا لە بەرگریی وڵاتەکەیدا خەرجی بکات.
لە دەقی یاساکەدا هاتووە، دەبێت تاوەکو یەکی شوباتی ساڵی داهاتوو، وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوەی ئەمریکا پلانێکی هاوبەش دابنێن بۆ دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ئەوەی لە وەڵامدانەوەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بەکاری بهێنن.
هەروەها هێزەکانی ئەمریکا لەسەر چۆنیەتیی بەکارهێنانی سیستمە بەرگرییەکە، مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەن.
یاساکە داوا لە پێنتاگۆن دەکات، 90 رۆژ دوای ئامادەکردنی پلانەکە، دەست بە جێبەجێکردنەکەی بکرێت و لە نێوەڕاستی ساڵیشدا وەزیری بەرگری لە کۆنگرێس ئامادە دەبێت بۆ زانیاریدان لەسەر چۆنیەتیی جێبەجێکردنی پلانەکە.
یاساکە لە لایەن ئەنجوومەنی پیرانیشەوە تێپەڕێنرا و ئێستا لە چاوەڕوانی واژۆی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکادایە بۆ ئەوەی بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.
تەممووزی ئەمساڵ، لیژنەیەکی کۆنگرێس داوای کرد سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە هەرێمی کوردستان بدرێت.
دۆن بەیکن، کۆنگرێسمانی کۆماری کە لە رابردوودا پشتیوانیکارێکی دیاری کورد بووە، لە حوزەیرانی ئەم ساڵ بابەتەکەی پێشنیازکرد، چەند رۆژێک دوای ئەوەی لە واشنتن پێشوازی لە رێبەر ئەحمەد، وەزیری نێوخۆی هەرێمی کوردستان کرد.
ژمارەیەک بنکەی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەن و لە چەند ساڵی رابردوودا کەوتوونەتە بەر هێرشی ناوبەناوی مووشەکی و درۆنی، کە پێنتاگۆن دەیانخاتە ئەستۆی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، هەر وەک چۆن بەشێک بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی هێرشەکان لە ئەستۆ دەگرن.
کۆنگرێسمانەکە، مانگی حوزەیران، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی، "دەتوانین لە عێراق یارمەتیی کوردەکان بدەین بەرگریی ئاسمانیی باشتریان هەبێت دژی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران."
بڕیاری کۆنگرێس بۆ رێگەدان بە جێگیرکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە هەرێمی کوردستان لە کاتێکی هەستیاردا دێت. لە دوو مانگی رابردوودا هێرشەکان بۆ سەر ئەو بنکە سەربازییانە زیادیان کردووە ئەمریکییەکان تێیاندا دەمێننەوە، ئەوەش لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلی هاوپەیمانی واشنتن لە 7ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵەوە.
بەرپرسێکی پێنتاگۆن بە میدیای سعودیەی گوتووە، لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە تاوەکو 13ی کانوونی یەکەم، لانیکەم 97 جار هێرش کراوەتە سەر بنکە و پێگەکانی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق و سووریا؛ 45 لەو هێرشانە بۆسەر عێراق و هەرێمی کوردستان بوون.
بە گوێرەی یاساکە، ساڵی داهاتوو پێنتاگۆن 241 ملیۆن و 950 هەزار دۆلار لە رووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق و یارمەتیدانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق خەرج دەکات، واتە 116 ملیۆن دۆلار کەمتر لەو بڕە پارەیەی بۆ ئەم ساڵ دیاریکرابوو.
لە سووریا و رۆژئاوای کوردستانیش، پێنتاگۆن 156 ملیۆن دۆلار تەرخان دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و یارمەتیدانی هەسەدە و هێزە هاوبەشەکانی دیکەی ئەمریکا. ئەم بڕە پارەیە 27.6 ملیۆن دۆلار لەوەیان کەمترە کە بۆ ئەم ساڵ دیاریکرابوو.
یارمەتییەکان خۆیان لە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی، راوێژدان و مەشقپێکردندا دەبیننەوە.
ئەمریکا لە ساڵی 2014ـەوە سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەکات کە بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێشتا پێنج هەزار بۆ حەوت هەزار چەکداری لە عێراق و سووریا هەیە.
ساڵی 2017 لە عێراق و ساڵی 2019 لە سووریا، تێکشکاندنی خەلافەتی داعش راگەیێندرا.
لە کۆتایی ساڵی 2021ـەوە، رۆڵی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە شەڕکردنەوە گۆڕدرا بۆ راوێژدان و مەشقکردن بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
ئێستا، بە گوێرەی پێنتاگۆن، ئەمریکا دوو هەزار و 500 راوێژکاری سەربازی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و نزیکەی 900ی دیکەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە.