بەلەمێک بە 66 کۆچبەرەوە لە نۆکەندی ئینگلیزدا نوقم دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی پاسەوانی کەناراوەکانی فەرەنسا دەڵێت، بەلەمێکی کۆچبەران بە 66 کۆچبەرەوە نوقم بوو و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا.
رۆژی هەینی، 15ی کانوونی یەکەمی 2023، دەستەی پاسەوانی کەناراوەکانی فەرەنسا بڵاویکردەوە، کاژێر 01:00ـی بەرەبەیان بە کاتی فەرەنسا (کاژێر 3ـی بەرەبەیان بەکاتی هەولێر) بەلەمێکی کۆچبەران کە لە کەناراوەکانی باکووری فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوتبوو نوقم بوو و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا.
دەستەی پاسەوانی کەناراوەکانی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کردووە، دوو کۆچبەری دیکە باری تەندروستییان تێکچووە و گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و 63 کەسەکەی دیکەش براونەتە شاری کالێی باکووری فەرەنسا.
نۆکەندی ئینگلیز دەکەوێتە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا و رۆژانە نزیکەی 500 کەشتی بەکاری دەهێنن.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ئەم ساڵ 29 هەزار کۆچبەر لەو رێڕەوە ئاوییەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا، ئەوە لە کاتێکدایە ژمارەکە لە ساڵی رابردوودا 45 هەزار و 755 کۆچبەر بوو.