نەتەوە یەکگرتووەکان: تاڵیبان ئەو ژنانەی مامەڵەی خراپیان لەگەڵ دەکرێت زیندانی دەکات

15-12-2023
هێمن بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتی تاڵیبان، ئەو ژنە ئەفغانییانەی مامەڵەی خراپیان لەگەڵ دەکرێت و ئازار دەدرێن، بە بیانووی پاراستنیان زیندانی دەکات.
 
راپۆرتەکە دەڵێت، ئەو ژنانە لە زیندان تووشی نەخۆشیی دەروونی و جەستەیی دەبنەوە و حکومەتەکەی تاڵیبانیش پارە لە دروستکردنی شێڵتەری تایبەت بە ژنانی ئازاردراو خەرج ناکات، چونکە پێی وایە پێویست نین.
 
بەگوێرەی رێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ، بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی مافەکانی ژنان، لە ئەفغانستان لە ئاستێکی باشدا نین.
 
نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری لە ئەفغانستان (UNAMA) رایگەیاند، "تەنانەت بەرلەوەی تاڵیبانیش بگەڕێتەوە سەر حکوم، تووندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەریی بەرامبەر بە کچان و ژنان لە ئەفغانستان لە ئاستێکی بەرزدا بوو، بەڵام لە پاش گرتنەدەستی حکوم لەلایەن تاڵیبانەوە، ئاستی تووندوتیژییەکان بەرزترن و بوونەتە دیاردەی باو لە کۆمەڵگەدا".
 
نەتەوە یەکگرتووەکان گرفتە ئابووری، سیاسی و مرۆییەکانی ئەفغانستانی بە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ تووندوتیژی بەرامبەر ژنان دیاریکردووە.
 
بەر لەوەی لە ساڵی 2021 تاڵیبان بگەڕێتەوە سەر حکوم، 23 شێڵتەری ژنان هەبوون لە ئەفغانستان کە حکومەت سپۆنسەری دەکردن، بەڵام بەگوتەی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا هیچیان نەماون.
 
نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، تاڵیبان پێی گوتوون، پێویستیان بە شێڵتەری ژنان نییە، "چونکە ژنان دەبێت لەگەڵ هاوژینەکانیان یان ئەندامانی نێری نێو خێزانەکانیان بن".
 
تاڵیبان بە نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکانی گوتووە، "هەر ژنێک مامەڵەی خراپی لەگەڵ بکرێت، بەڵێننامە بە ئەندامانی نێری نێو خێزانەکانیان پڕ دەکرێتەوە کە ئازاری نەدەن، بەڵام ئەگەر ئەو ژنە هیچ پیاوێک نەبوو لە خێزانەکەیدا، ئەوا لەپێناو پاراستنی خۆیدا دەخرێتە زیندانەوە".
 
لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە، هەندێک جار، خەڵکی بێ ماڵ و ئاڵوودەبووانی مادەی هۆشبەر لە شەقامەکانی کابووڵ دەستگیر دەکرێن رەوانەی هەمان ئەو زیندانانە دەکرێن کە ژنانی دەستدرێژی لێکراویان تێدایە.
 
ساڵانی رابردوو کە هێشتا نەگەڕابوونەوە سەر حکوم، بەشێکی بەرچاو لە سەرکردەکانی تاڵیبان بانگەشەیان دەکرد، لەگەڵ هاتنەوەیاندا رێگەدەدەن کچان و ژنان کار بکەن و بخوێنن، بەڵام لە پاش دوو ساڵ لە حکومکردن، بەڵێنەکانیان نەبردووەتە سەر.
 
لە ئەفغانستان کچان تاوەکو قۆناخی سەرەتایی دەتوانن بخوێنن و کچانی پێگەیشتوو رێگەیان پێنادرێت بچنە پارک، هۆڵی لەشجوانی و مەلەوانگە. هەروەها ئارایشتگەکان داخراون و قەدەخەیە جلوبەرگێک لەبەربکەن کە جگە لە چاویان، هیچ بەشێکی دیکەی جەستەیان دیار بێت. ئەگەر بێت و بچنە گەشتێک دوورتر بێت لە 72 کیلۆمەتر، ئەوا بەپێی یاسا دەبێت پیاوێکیان لەگەڵ بێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موئەیەد عەبدولڕەحمان

دامەزرێنەر و یەکەم سەرۆکی کۆنترۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستان کۆچی دواییکرد

دکتۆر موئەیەد عەبدولرەحمان قوچی، دامەزرێنەر و یەکەم سەرۆکی دەستەی گشتیی کۆنترۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستان لە کەنەدا کۆچی دواییکرد و رۆژی چوارشەممە لە هەولێر کۆڕێکی ماتەمینی بۆ رێکدەخرێ.