سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئەلبانیا لەسەر پرسی کۆچبەران رادەگەیێنێت

15-12-2022
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
ژمارەیەک کۆچبەر لەکاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا
ژمارەیەک کۆچبەر لەکاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا
A+ A-
 
رووداو- هەولێر 

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا چووە پەرلەمانی وڵاتەکەی بۆ ئاشکراکردنی رێککەوتنێک کە لەگەڵ ئەلبانیایە و تایبەتە بە تووندکردنی رێکارەکانی بەرامبەر کۆچبەران.
 
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، "ئەمڕۆ رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئەلبانیا رادەگەیێنم. بۆ یەکەمجارە لە مێژوودا ئەفسەرانمان لە فڕۆکەخانەی تیرانای ئەلبانیا جێگیر دەکرێن بۆ هاوکاریکردن و ئاشکراکردنی گرووپە تاوانکارەکان و راگرتنی کۆچبەرانی نایاسایی کە روو لە بەریتانیا دەکەن. هەروەها رێکاری نوێ دەگرینەبەر لە وەرگرتنی پەناخوازانی ئەلبانی."
 
ئەمساڵ نزیکەی 44 هەزار کۆچبەر چوونەتە بەریتانیا کە زۆرترینیان ئەلبانین و ژمارەیان 11 هەزار و 241 کەسە. دواتریش ئەفغانستانییەکان دێن کە 4781 کەس بوون. هەر ئەمساڵ 3594 هاونیشتمانیی رۆژهەڵاتی کوردستان و هاووڵاتیی ئێرانی و 3078 هاونیشتمانیی باشووری کوردستان و هاووڵاتیی عێراقی چوونەتە بەریتانیا؛ لە پلەی پێنجەمیش سووریاییەکان دێن و 2191 هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان و هاووڵاتیی سووری بۆ دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا.
 
ئەم رێککەوتنە، دوای ئەوە دێت کە دوو مانگ لەمەوبەر کێشە لە پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیا و ئەلبانیا دروستبوو. لەندەن، تیرانای تۆمەتبار کرد بەوەی هەنگاوی جیددی نانێت بە مەبەستی رێگەگرتن لە چوونی هاووڵاتییەکانی بۆ بەریتانیا.
 
کریاکۆ کیرکۆ، باڵیۆزی ئەلبانیا لە بەریتانیا رۆژی 07-12-2022 رایگەیاند، "چارەسەرەکە بریتییە لە کۆچی یاسایی بۆ وەستاندنی جموجۆڵە نایاساییەکان. لە شەش ساڵی رابردوودا، چەندینجار گوتوومە، چارەسەری ئەم کێشەیە ئەوەیە، پرسی کۆچبەری لە چوارچێوەی یاساکانی بەریتانیا بە یاسایی بکرێت."
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لە سەرەتای ساڵی 2022ەوە تاوەکو سەرەتای تەممووزی 2022، زیاتر لە 63 هەزار داواکاریی پەنابەرێتی پێشکێشی حکومەتی بەریتانیا کراون و 12 هەزار و 900یان قبووڵکراون و زۆرترین داواکارانیش لەلایەن هاووڵاتییانی ئەلبانیا، سووریایی و عێراقییەوە بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە