وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا 36 کۆمپانیای چینی دەخاتە لیستی رەشەوە

15-12-2022
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا 36 کۆمپانیای چینی خستە لیستی رەشەوە، لەنێویاندا کۆمپانیا سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی چیپی پێشکەوتووی کۆمپیوتەر، بەمەش دەستڕاگەیشتنیان بە تەکنەلۆژیای ئەمریکی سنووردار دەبێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 15-12-2022، وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاند، هەنگاوەکە، کە کۆمپانیاکانی کامبریکۆن و یانگزتی بواری بەرهەمهێنانی سێمی کۆندەکتەریش لەخۆدەگرێت، ئامانج لێی سنووردارکردنی "هەوڵەکانی چین بووە بۆ بەدەستهێنان و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، لەنێویاندا زیرەکیی دەستکرد بە مەبەستی هەوڵەکانی مۆدێرنیزەکردنی سەربازی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ".
 
دانانی کۆمپانیاکان لە لیستی قەوارە سزادراوەکاندا وا دەکات کە دەستگەیشتنی راستەوخۆ و یاساییان بە تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنانی سێمی کۆندەکتەر. دیزاین و سامانە هزرییەکانی نیمچە مەحاڵ بێت، بەوەش تەگەرە لەبەردەم توانای بەرهەمهێنانیان دروستدەبێت.
 
لە کۆی ئەو 36 کۆمپانیایانەی خراونەتە لیستی رەشەوە، 21ـیان وەک کۆمپانیای گەورە دەستنیشانکراون کە بەشدارن لە توێژینەوە و دیزاین، بەبازاڕکردن و فرۆشتنی چیپی زیرەکیی دەستکرد و پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ کەرتی بەرگریی چیندا هەیە.
 
هاوکات حەوت کۆمپانیاشیان پەیوەندیدارن بە هەوڵەکانی سوپای چین بۆ پەرەپێدانی سیستمی مووشەکیی دەنگبڕ و بالیستی.
 
یەکێک لەو کۆمپانیایانەی سزادراوە ناوی "تیانجین تیاندی ویێ تەکنەلۆجی"ـیە، بەهۆی رۆڵگێڕانی لە "هەڵمەتی سەرکوتکردن و دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ و چاودێریکردنی تەکنەلۆژیای" دژی ئۆیگورەکان و کەمینەکانی دیکە لە ناوچەی شینجیانگ لە رۆژئاوای چین، لە لایەن ئەمریکاوە خرایە لیستی رەشەوە.
 
تیا رۆزمان کێندلەر، یاریدەدەری وەزیری بازرگانیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، سزادانی کۆمپانیاکان لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئیدارەی بایدن دێن بۆ رێگەگرتن لەوەی "چین دەستی بە تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکان بگات بۆ مۆدێرنیزەکردنی سوپای وڵاتەکە و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ".
 
سزادانی کۆمپانیاکان دەبێتە دوایین هەنگاو لە زنجیرە کردارەکانی ئەمریکا کە هەوڵی سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی چین بە تەکنەلۆژیا هەستیارەکانی ئەمریکا دەدات، ئەوەش دوای تەنیا چەند رۆژێک دێت لەوەی پەکین لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی سکاڵای دژی سیاسەتە سنووردارکەرەکانی واشنتۆن تۆمارکرد.
 
رۆژی سێشەممە وانگ وێنبین، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، "ئەمریکا بەردەوام ئاسایشی نێوخۆیی وڵاتەکەی وەک بیانوو بەکارهێناوە تاوەکو دەستوەردان لە بازرگانیی ئاسایی نێودەوڵەتیدا بکات".
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین گوتیشی، "پێویستە سەرجەم وڵاتان بێنە دەنگ و رێگە بە سیاسەتی پارێزکاری و تاکلایەنەی ئەمریکا نەدرێت". باسی لەوەش کرد، "ئەم کارە پەیوەستە بە سەقامگیریی سیستمی بازرگانیی جیهانی و لەوەش گرنگتر، دادپەروەریی نێودەوڵەتی".
 
لە مانگی تشرینی یەکەمدا زیاتر لە 30 کۆمپانیای تەکنەلۆژیی چین خرانە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە؛ بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند کە نایانەوێت تەکنەلۆژیای ئەمریکی یارمەتی رکابەری سەرەکیی پێنتاگۆن بدات کە سوپای چینە.
 
بەپێی یاساکانی وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا، هەر کۆمپانیایەکی ئەمریکی کە هەوڵی فرۆشتنی تەکنەلۆژیای خۆی بە کۆمپانیایەکی چینی بدات کە لە لیستی رەشدا بێت، دەبێت مۆڵەتی تایبەتی وەربگرێت و وەرگرتنی ئەو مۆڵەتانەش نزیکە لە مەحاڵەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.