رووداو - برۆسکل
دوایین کۆبوونەوەی ئەمساڵی لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل بەڕێوەچوو کە تێیدا قەیرانی گاز، شەڕی ئۆکراینا و رووسیا، پرسی شەڕی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا و بەئەندامکردنی رۆمانیا و بولگاریا لە ناوچەی شنگن و پرسی کۆچبەران تاوتوێ کران. لەپاڵ ئەو تەوەرانە، نێردراوی رووداو لەبارەی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پرسیاری لە سەرۆک و بەرپرسانی وڵاتان کرد.
15 وڵاتی ئەندام لە نێویاندا فەرەنسا و ئیتاڵیا داوای دانانی نرخی دیاریکراو بۆ کڕینی گاز دەکەن، ئەڵمانیا هەرچەندە دژی ئەو بڕیارەیە، بەڵام گەشبینە بە گەیشتن بە رێککەوتن. ئۆلاف شوڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، "ئەمڕۆ چەندین پرس تاوتوێ دەکەین لە نێویاندا پرسی قەیرانی گاز و بەرزیی نرخی گاز. چەندین هەنگاوی باشمان ناوە. زۆر گەشبینم لەوەی کە ئەمڕۆ پێکەوە دەتوانین یەک دەنگانە لە سەر چەند خالێکی گرنگ بگەینە رێککەوتن."
لەگەڵ ئەوەی ئێستا یەکێتیی ئەوروپا کێشەی کەمیی گازی هەیە، بەڵام ئاژانسی وزەی جیهان هۆشداریی دەدات بە وڵاتی ئەوروپا کە ساڵی داهاتوو کێشەی کەمیی گازیان زیاتر دەبێت.
سەرباری قەیرانەکان، رووداو پرسی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی بردە نێو پرسەکانی کۆبوونەوەی یەکێتیی ئەوروپا.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە وەڵامی ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو گوتی، "تۆ هەڵوێستی من لەسەر ئێران دەزانیت. هەر لەسەرەتاوە پاڵپشتی گەلی کوردم کردووە، من دەمەوێت پاڵپشتی و هاودەنگی خۆم بۆ گەلی کورد دووپات بکەمەوە لە تەواوی ناوچەکە و، ئێمە هەمیشە زۆر پابەند بووین بە پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی گەلەکەتان، دەمەوێت ئەو خاڵەش دووپات بکەمەوە، نەک تەنیا لێرە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی و هەفتەی داهاتووش دەچمە عەممان بۆ کۆنفرانسی دووەمی بەغدا، ئەو دۆخەش بەشێوەیەکی تایبەت باس دەکرێت"
مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەنداش لە وەڵامی رووداو باسی لەوە کرد، "دۆخی ئێران لە ئەجێندای گفتوگۆکانی ئەمڕۆدا دەبێت. ئێمە لەڕادەبەدەر نیگەرانین، ئێمە هەموومان زۆر گوشار دەخەینە سەر رژێمی تاران بۆ ئەوەی کۆتایی بەم تاوانانە و سزای لەسێدارەدان بێنێت. ئەوە شتێکی تۆقێنەرە. ئەمانە خەڵکی شکۆمەندن لەپێناو مافەکانی مرۆڤ خەبات دەکەن، لەپێناو مافەکانیان بۆ ئەوەی شكۆمەندانە لەنێو وڵاتەکەیاندا بژین، بۆیە ئێمە هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی گوشار بخەینە سەر ئێران لە رێگەی سزاکان یان هەر ئامرازێکی دیکەی بەردەست."
ئاڵا شاڵی لە جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپای پرسی: "ئایا ئەوروپا چۆن دەیەوێت رێگری لە هێرشەکانی تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان بکات"، بەڵام بۆرێل نەیویست بە وردی وەڵام بداتەوە و گوتی، "بێگومان دۆخی سووریا خەریکە دووبارە زۆر خراپ و زۆر دڵگرانکەر دەبێت. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دان بە خۆیاندا بگرن، بەڵام سووریا لە بەرنامەی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆدا نییە."
یەکێتیی ئەوروپا سەرباری ڤێتۆی هەنگاریا، بڕیاری 18 ملیار یۆرۆی بۆ ئۆکراینا پەسەند کرد و 6,3 ملیار بودچەی هاوکاری بۆ هەنگاریاش دانا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ