دادگەی یەکێتیی ئەوروپا داواکاریی دەرکردنی پەکەکەی لە لیستی تیرۆر رەتکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی دیوانی دادی یەکێتیی ئەوروپا ئەو داوایەی پارتی کرێکارانی کوردستانی رەتکردەوە کە پێشکێشی دادگەکەی کردبوو بۆئەوەی لە لیستی تیرۆر دەریبهێنێت.
دادگەی گشتیی یەکێتیی ئەوروپا کە سەر بە دادگەی دیوانی دادی یەکێتییەکەیە و ناوەندەکەی لە لۆکسمبۆرگە، بڕیاری دەربارەی ئەو داوایەدا کە پارساڵ پەکەکە پێشکێشی کردبوو بۆ دەرهێنانی لە لیستی تیرۆر.
لە بڕیارەکەدا کە پێناسەی دەستەواژەی "کردەوەی تیرۆریستی" و "گرووپی تیرۆریستی"ی تێدا هاتووە و ئاماژە بە بڕیارەکانی ساڵی 2014ی بەریتانیا و ساڵانی نێوان 1997-2001ی ئەمریکا سەبارەت بە قەدەخەکردنی پەکەکە کراوە، دووپاتکراوەتەوە کە پەکەکە "رێکخراوێکی تیرۆریستییە."
ههروهها ئەوە خراوەتەڕوو کە کردەوەکانی پەکەکە لە چوارچێوەی "مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کورد" هەژمار ناکرێت و پەنابردن بۆ هێزی چەکداری بۆ بەکارهێنانی مافەکە بە شێوەیەکی گشتی وەکو کارێکی رەوا نابینرێت.
لە بڕیاری دادگەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، "جیاکاریی قەدەخەکردنی چالاکیی تیرۆریستی لە پێکدادانە چەکدارییەکاندا، لە یەکێتیی ئەوروپا و تەنانەت یاسای نێودەوڵەتیشدا هیچ بنەمایەکی نییە" و ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە کە پەکەکە لە شوێنە گەشتیارییەکاندا پەلاماری خەڵکی مەدەنیی داوە.
جگە لەوەش، جەخت لەسەر هەڵسەنگاندنی ئهنجوومهنی یەکێتیی ئەوروپا کراوەتەوە سەبارەت بە بەردەوامبوونی مەترسیی "تیرۆریستیی پەکەکە."
ئهنجوومهنی یەکێتیی ئەوروپا لانیکەم هەر شەش مانگ جارێک پێداچوونەوە بە لیستی سزاکانیدا دەکات، وەکو بلۆککردنی سامانی دارایی و قەدەخەکردنی دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ ئەو کەسایەتی، دامەزراوە و رێکخراوانەی کە بە "تیرۆریست" هەژماریان دەکات.
پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە ساڵی 2002ەوە خراوەتە لیستی "تیرۆری" یەکێتیی ئەوروپا.