یەکەمین لووتکەی ئیسلامی بۆ تاوتوێکردنی کێشەکانی جیهانی ئیسلامی لە مالیزیا بەڕێوەدەچێت


رووداو - هەولێر
 
رۆژی 23-11-2019 مەهاتیر محەممەد، سەرۆکوەزیرانی مالیزیا رایگەیاند، بە بەشداریی پێنج وڵاتی زۆرینە موسڵمان، لە 18 تاوەکو 21ی کانوونی یەکەمی 2019 لووتکەی ئیسلامیی کوالا لامپور بۆ تاوتوێکردنی کێشە و گرفتەکانی جیهانی ئیسلامی لە مالیزیا بەڕێوەدەچێت.
 
لە لووتکەکەدا هەریەکە لە مالیزیا، تورکیا، قەتەر، پاکستان و ئیندۆنیزیا لەسەر ئاستی سەرکردە باڵاکانیان بەشداردەبن. لەو سەرکردە دیارانەی کە لە لووتکەکەدا بەشدارن هەریەکە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، شێخ تەمیم بن حەمەد ئالتانی، ئەمیری قەتەر و عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پاکستان هەن، جگە لە بەشداریکردنی مەهاتیر محەممەد، سەرۆکوەزیرانی مالیزیا وەک سەرپەرشتیار و رێکخەری یەکەمین لووتکەی ئیسلامی.
 
سەرۆکوەزیرانی مالیزیا لەبارەی لووتکەکەوە باسی لەوە کردووە، لووتکەکە سەرکردە، زانا و بیرمەندە ئیسلامییەکانی جیهانی ئیسلامی کۆدەکاتەوە و دەڵێت "یەکەمین هەنگاو دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی جیهانی ئیسلامی".
 
مەهاتیر محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، مەبەست لە لووتکەی کوالا لامپور دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ ئەو کێشانەی رووبەڕووی ملیارێک و 700 ملیۆن موسڵمـان بوونەتەوە، لەناویاندا هەڵکشانی ئیسلامۆفۆبیا.
 
پرسەکانی رۆڵی سیاسەت لە پێشکەوتن، ئاسایشی خۆراک، پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی و دابەشکردنەوەی سەروەت و سامان لەو پرسانە دەبن کە لە لووتکەکەدا تاوتوێ دەکرێن، جگە لەمانەش وەدەرنانی موسڵمانان لە خاکەکانیان و هاوپۆلکردنی ئیسلام وەک "دینی تیرۆر" تاوتوێ دەکرێن.
 
سەرپەرشتیار و رێکخەری یەکەمین لووتکەی ئیسلامی هەر لەوبارەیەوە گوتوویەتی، لووتکەکە کۆبوونەوەی ئەو عەقڵانە دەبێت کە "هەمان تێڕوانینیان بۆ ئیسلام و ئەو کێشانە هەیە کە رووبەڕووی موسڵمانان بوونەتەوە"، هەروەها بەبێ ئەوەی ناوی هیچ وڵاتێک بێنێت، باسی لەوە کرد هەندێک لە وڵاتە ئیسلامییەکان "دەوڵەتی شکستخواردوون".
 
سەرۆکوەزیرانی مالیزیا لەبارەی کێشە و گرفتەکانی جیهانی ئیسلامییەوە دەپرسێت "بۆچی کێشەکان هەن؟" هەر خۆی لە وەڵامی پرسیارەکەدا دەڵێت "پێویستە هۆکار لەپشت کێشەکانەوە هەبن، ئێمە تەنیا دەتوانین هۆکاری کێشەکان بزانین ئەگەر بیرمەند، زانا و سەرکردەکان بۆچوون و تێبینیی خۆیان لەبارەیانەوە بدەن. لەوانەیە ئێمە بتوانین هەنگاوی یەکەم هەڵگرین بۆ یارمەتیدانی موسڵمانان تاوەکو شکۆی رابردوویان بگەڕێتەوە یان لانیکەم یارمەتییان بدەین خۆیان بەدووربگرن لەو گاڵتەپێکردن و دژایەتییەی کە ئەمڕۆ لە جیهاندا دەیبینین".
 
ماوەی ساڵێکە مالیزیا پلان بۆ لووتکەکە دادەنێت، ئەوەش دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ساڵی رابردووی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک سەرۆکوەزیرانی مالیزیا چاوی بە سەرۆکوەزیرانی پاکستان و سەرۆکی تورکیا کەوت.
 
ئەمیری قەتەر ستایشی مالیزیای کردووە بۆ رێکخستنی لووتکەی کوالا لامپوری 2019. جگە لە سەرکردەکانی ئەو پێنج وڵاتەش ئەگەری بەشداریکردنی ئێران لەسەر ئاستی باڵا هەیە و پێدەچێت حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران بەشداری بکات، بەڵام سعودییە و ئیمارات بانگهێشت نەکراون.
 
رۆژنامەنووسێکی قەتەری بەناوی جابر حەرەمی لەبارەی لووتکەی کوالا لامپورەوە دەڵێت، لووتکەکە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی ئیسلامییە کە پرۆژەی هاوبەشیان هەبێت، لەناو پرۆژەکاندا ناساندنی دراوێکی هاوبەش، تیشکخستنەسەر پیشەسازیی بەرگری، گەشەپێدان و فەرمانڕەواییەکی باش هەن.
 
لە لووتکەکەدا نزیکەی 450 سەرکردە، زانا و بیرمەند لە 52 وڵاتی جیهانەوە بەشداریدەکەن. بەستنی کۆنگرەکە لەکاتێکدایە، زۆرینەی ئەو وڵاتانەی کە زۆرینە موسڵمانن، جەنگ، نائارامی، نادادگەری، گەندەڵی و هەژاری تیایاندا بەربڵاون، کەسیش نازانێت دەرەنجامی ئەم لووتکەیە چی دەبێت.