سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا: سزاکانی سەر رووسیا ئابووریی ئەورووپا وێران دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا دەڵێت، پێویستە یەکێتیی ئەورووپا سزاکانی سەر رووسیا هەڵبگرێت، ئەگەرنا، ئابووریی یەکێتییەکە دادەتەپێت.
دوای ئەوەی رووسیا لە شوباتی 2022 هێرشی کردە سەر ئۆکراینا، یەکێتیی ئەورووپا ژمارەیەک سزای بەسەر کەرتەکانی وزە، بانک و چەندین کەرتی دیکەی رووسیادا سەپاند.
ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، کە لەنێو سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپادا گەرمترین پەیوەندیی لەگەڵ ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیادا هەیە، هەڵوێستێکی تەواو جیاوازی لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی ئەورووپا هەیە، داوا دەکات ئەو سزایانە لەسەر رووسیا هەڵبووەشێنەوە، لەبەر ئەوەی پێیوایە یەکێتیی ئەورووپا بەو سزایانە هێندەی زیانی بە ئابووریی خۆی گەیاندووە، هێندە بە رووسیای نەگەیاندووە.
لە هەڤپەیڤینێکی ئەمڕۆیدا لەگەڵ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا گوتی، پێویستە سزاکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆسەر رووسیا پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت، چونکە بەهۆی ئەو سزایانەوە "نرخی وزە دانابەزێت."
ئۆربان گوتیشی، لابردنی سزاکان "بۆ ئەو کەسانە ئازاربەخش دەبێت کە داوای سزایان دەکرد، بەڵام بۆ ئێمە نا، چونکە ئێمە بە سەرکەوتن دەیبینین. پێویستە لایەنەکەی دیکە هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت، چونکە ئەگەر وا نەکات، ئابووریی ئەورووپا وێران دەکات."
ئێستا خولی شەش مانگەی سەرۆکایەتیی یەکێتیی ئەورووپا لە دەستی هەنگاریادایە و هەوڵ دەدات سەرنج لەسەر گرتنەبەری رێکاری تۆڵەسەندنەوە دژی رووسیا کەم بکاتەوە.
بەڵام سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا هەوڵدەدەن سزای نوێ بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنن.
رۆژی پێنجشەممە، پەرلەمانی ئەورووپا یاسایەکی پەسند کرد کە داوای گرتنەبەری رێکاری زیاتر دژی ئەو کەشتییانە دەکات کە نەوتی رووسیا دەگوازنەوە.
پەرلەمانەکە دەیەوێت هاوردەکردنی سووتەمەنی لە رووسیاوە قەدەخە بکات.
ئۆربان دژی قەدەخەکەیە؛ لە کاتی سەپاندنی سزاکانی پێشووشدا، چاوپۆشی لە هەنگاریا کراوە بۆئەوەی بتوانێت نەوت و گازی رووسیا هاوردە بکات.