لە ئەڵمانیا دوو هاووڵاتیی ئەفغانستان بە تۆمەتی 'پلاندانان بۆ هێرشێک لە ستۆکهۆڵم' دادگایی دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
دادگای هەرێمی تورینگنی ئەڵمانیا رایدەگەیێنێت، دوو کەسی ئەفغانستانی دادگایی دەکەن کە لە شاری ستۆکهۆڵم پلانیان بۆ هێرشێک داناوە. دوو کەسەکە تۆمەتی ئەندامبوونی داعشیان ئاراستە کراوە.
رۆژی هەینی 15ی تشرینی دووەمی 2024 دادگای هەرێمی تورینگن رایگەیاند، یەکێک لەو هاووڵاتییە ئەفغانستانیانە بەوە تۆمەتبار کراوە کە پاڵپشتیی لە رێکخراوی داعشی خۆراسان کردووە، داوای کردووە لەو گرووپە ببێتە ئەندام؛ ئەوەی دیکەشیان تۆمەتی پاڵپشتیکردنی داعشی خۆراسانی لەڕووی داراییەوە ئاراستە کراوە.
بە گوتەی دادگاکە، هەردوو تۆمەتبارەکە "لەسەر فەرمانی رێکخراوی داعشی خۆراسان، هەوڵیان داوە هێرشێک لە دەوروبەری پەرلەمانی سوێد بکەن."
لەبارەی ئامانجی هێرشەکەش، دادگای تورینگن دەڵێت، ویستوویانە بە چەک ژمارەیەکی زۆر خەڵک و پۆلیس بکوژن.
هەردوو تۆمەتبارەکە، کە یەکێکیان تەمەنی 23 ساڵە و ئەوی دیکەشیان تەمەنی 30 ساڵە، لە ئابی ئەم ساڵ لەلایەن پۆلیسی فیدراڵیی ئەڵمانیاوە دەستگیر کران.
بە گوتەی دادگەی تورینگن، دوای ئەوەی لە هاوینی 2023 ژمارەیەک خۆپێشاندان لە ستۆکهۆڵم دژی موسڵمانان رێکخرا و تێیدا دوو کۆپیی قورئانی پیرۆز سووتێندران، هەردوو تۆمەتبارەکە لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرام پلانیان بۆ هێرشکردن داناوە.
رۆژی 28ی حوزەیرانی ساڵی رابردوو کە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان بوو، پەناخوازێکی تەمەن 37 ساڵانی بە رەچەڵەك عێراقی لە سوێد بەناوی سەلوان مۆمیکا، لەبەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵم کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
هەروەها رۆژی 20-01-2023 لە خۆپێشاندانێکدا لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد، راسموس پالودان، کەسایەتیی سیاسیی راستڕەوی تووندئاژۆی سوێدی-دانیمارکی کۆپییەک لە قورئانی سووتاند.