رێبەری کۆریای باکوور فەرمان بە دروستکردنی 'ژمارەیەکی زۆر' درۆنی هێرشبەر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
رێبەری کۆریای باکوور فەرمانی کرد بە دروستکردنی 'ژمارەیەکی زۆر' درۆنی هێرشبەر و سەرپەرشتی تاقیکردنەوەی چەندین درۆنی کرد.
رۆژی هەینی، 15ـی تشرینی دووەمی 2024، میدیای فەرمیی کۆریای باکوور (KCNA) ئاماژەی بەوە کرد، کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور، سەرپەرشتی چەندین تاقیکردنەوەی درۆنی کردووە و گوتیشی، کیم "جەختی لە پێویستی دروستکردنی سیستمێک کردووە، کە بەزووترین کات ژمارەیەکی زۆر درۆن دروست بکرێن".
میدیای فەرمیی کۆریای باکوور ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو درۆنانەی کە کیم فەرمانی کردوووە دروست بکرێن، دەتوانن تەقەمەنی هەڵبگرن و کاریگەرییەکەیان وەکو مووشەکێک دەبێت.
لە ئابی ئەم ساڵ، کۆریای باکوور بۆ یەکەم جار درۆنە هێرشبەرەکانی خۆی ئاشکرا کرد، شارەزایانیش دەڵێن، بە هاوکاری رووسیا ئەو جۆرە درۆنەیان دروست کردووە.
کۆریای باکوور رێککەوتنی بەرگریی لەگەڵ رووسیا هەیە و بەوەش تۆمەتبار دەکرێت کە 'هەزاران' سەربازی بۆ یارمەتیدانی رووسیا لە جەنگی دژ بە ئۆکراینا ناردبێت. کۆریای باشووریش هۆشداری دەدات لەوەی کە رووسیا تەکنەلۆژیای سەربازی بۆ کۆریای باکوور دەنێرێت.
لە ساڵی 2022 پیۆنگیانگ ژمارەیەک درۆنی رەوانەی سنوورەکانی لەگەڵ کۆریای باشوور کرد، سیئۆلیش رایگەیاند، بەهۆی بچووکییانەوە نەیانتوانیوە درۆنەکان بخەنە خوارەوە.
کۆریای باکوور ئەم ساڵ چەندین جار کۆریای باشووری بەوە تۆمەتبار کرد سەروەریی خاکەکەی پێشێل کردووە و بە درۆن 'پڕوپاگەندەی ناڕاست'ـی بڵاوکردووەتەوە، لە بەرامبەریشدا کۆریای باکوور چەندین باڵۆنی پڕ لە خاشاکی رەوانەی کۆریای باشوور کرد.