جیهان
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا. وێنە: REUTERS/Liesa Johannssen
رووداو دیجیتاڵ
ئۆکراینا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی رۆژی هەینیی نێوان ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا و ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا نیگەرانە.
ئەوە یەکەمین پەیوەندیی تەلەفۆنیی دوو ساڵی رابردووی نێوان شۆڵتز و پووتین بوو کە بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە پەیوەندیی نێوان وڵاتەکانیان تێکچووە.
ئۆکراینا پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بە "هەوڵێک بۆ رازیکردن"ی ئەڵمانیا بۆ پووتین ناودەبات و دەڵێت، خزمەت بە هەوڵەکانی ئاشتی ناکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراینا رایگەیاند، "تاکە شت قسەکردن بیکات ئەوەیە هیوا بە پووتین دەدات گۆشەگیرییە نێودەوڵەتییەکەی کەم دەبێتەوە. ئەوەی پێویستە بکرێت، کاری رژد و بەهێزە کە پووتین ناچار بە ئاشتی بکات، نەوەک هەوڵدان بۆ رازیکردنی."
شتێفن هیبشتغەیت، گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا گوتی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، شۆڵتز "جەنگی دوژمنکارانەی رووسیا"ی بۆ سەر ئۆکراینا سەرکۆنەکردووە و داوای لە پووتین کردووە کۆتایی پێبهێنێت و سەربازەکانی بکشێنێتەوە.
هیبشتغەیت رۆژی هەینی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "راوێژکار داوای لە رووسیا کرد ئامادەیی بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئۆکراینا بنوێنێت، بەو ئامانجەی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و درێژخایەن بەدەستبێت، هەروەها جەختی لە پێداگریی پۆڵایینی ئەڵمانیا کردەوە لەسەر ئەوەی تاوەکو پێویست بێت، لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا بەردەوام دەبێت، لە کاتێکدا [ئۆکراینا] دژی دوژمنکاریی رووسیا شەڕ دەکات."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، شۆڵتز پێشوەخت لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا قسەی کردووە و بڕیاربووە دوای پەیوەندییەکەش قسەی لەگەڵ بکاتەوە.
سەرچاوەیەک لە نووسینگەی زیلینسکی بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوتووە، سەرۆکی ئۆکراینا داوای لە شۆڵتز کردبوو قسە لەگەڵ پووتین نەکات، چونکە "ئەوە تەنیا یارمەتیی پووتین دەدات گۆشەگیری لەسەری کەمبێتەوە. پووتین ئاشتیی راستەقینەی ناوێت، بەڵکو پشووێکی دەوێت."
گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کردووە، شۆڵتز هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیای بۆ سەر ژێرخانی سڤیلی ئۆکراینا سەرکۆنەکردووە و هۆشداریی داوە کە بەکارهێنانی سەربازانی کۆریای باکوور لە شەڕی دژی ئۆکراینا "زیادبوونێکی مەترسیدار" لە ململانێیەکەدا دروستدەکات.
ئەمریکا، کۆریای باشوور و ئۆکراینا دەڵێن، کۆریای باکوور هەزاران سەربازی بۆ یارمەتیدانی رووسیا ناردووە. بە گوتەی زیلینسکی، ژمارەیان 11 هەزار سەربازە و لەم کاتەدا لە هەرێمی کورسکی باشووری رووسیا جێگیرکراون.
روون نییە کە بۆچی شۆڵتز بڕیاریداوە لەم کاتەدا قسە لەگەڵ پووتین بکات، بەڵام پەیوەندییەکە هاوکاتە لەگەڵ نسکۆیە یەک بە دوای یەکەکانی هێزەکانی ئۆکراینا لە گۆڕەپانی جەنگ و زیادبوونی نیگەرانیی وڵاتانی رۆژئاوا لە پلانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا.
ترەمپ چەندین جار رەخنەی لەو پشتیوانییە سەربازی و داراییە گەورەیە گرتووە کە وڵاتانی رۆژئاوا بە لێشاو بۆ ئۆکراینای دەنێرن؛ هەروەها بەڵێنیداوە لە ماوەیەکی کورتدا کۆتایی بە جەنگەکە بێنێت.
نەوت و گاز و جەنگ
کرێملن رایگەیاند، پووتین بە شۆڵتزی گوتووە، رووسیا ئامادەیە چاو بە گرێبەستەکانی نەوت و گازدا بخشێنێتەوە ئەگەر ئەڵمانیا بیەوێت.
پێش جەنگ، ئەڵمانیا بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە گازی رووسیا دەبەست، بەڵام لە ساڵی 2022 بۆریی گواستنەوەی گازەکە لە بنی دەریای رەشدا تەقێنرایەوە و لەو کاتەوە هەناردەی راستەوخۆی گازەکە وەستاوە.
بە گوتەی کرێملن، پووتین و شۆڵتز رێککەوتوون لە پەیوەندیدا بمێننەوە.
لە سەنگەرەکان، تاوەکو دێت بۆ سەربازانی ئۆکراینا دۆخەکە سەختتر دەبێت، ئەوەش لەبەر نەبوونی چەکی پێویست و کەمیی سەرباز بەراورد بە هێزی رووسیا. هێزە رووسییەکانیش وردە وردە پێشڕەوی زیاتر دەکەن.
ئەڵمانیا تاوەکو ئێستا 15 ملیار یۆرۆ یارمەتیی دارایی، مرۆیی و سەربازی بە ئۆکراینا داوە. بەوەش لە دوای ئەمریکا، بەرلین بووەتە دووەم گەورەترین پاڵپشتیکاری کیێڤ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ