ئازەربایجان وادەی کشاندنەوە لە هەندێک ناوچەی قەرەباخ بۆ ئەرمینیا درێژدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 
 
حکومەتی ئازەربایجان کاتێکی زیاتر دەداتە ئەرمینیا بۆ کشاندنەوە لە هەندێک ناوچەی هەرێمی قەرەباخ، ئەوەش لەسەر بنچینەی ئەو رێککەوتنەی کە کۆتایی بە شەڕی شەش هەفتەی نێوانیان هێنا. 
 
حیکمەت حاجیڤ، راوێژکاری سەرۆکی ئازەربایجان بۆ کاروباری دەرەوە رایگەیاند، کشاندنەوەی هێزەکانی ئەرمینیا و ئەو خەڵکەی بەشێوەیەکی نایاسایی لەو شوێنەدان تاوەکو رۆژی 25ی مانگ درێژکرایەوە، ئەوەش لەسەر داخوازی ئەرمینیا و نێوەندگیری ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا. 
 
حاجیڤ گوتی، "جێگیربوونی ئەرمینییەکان لە کاڵبەجار نایاساییە. ئەو کەسانەی کە لەوێ جێگیرکراون مافی هەبوونی موڵکیان لەو شوێنە نییە".
 
کاڵبەجار شارۆچکەیەکی ئازەربایجانە، بەڵام لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا لە لایەن چەکدارانی جوداخوازی پاڵپشتیکار لە لایەن ئەرمینیاوە کۆنتڕۆڵکرا. 
 
پێش شەڕی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، زۆربەی دانیشتوانی کاڵبەجار ئازەربایجانی بوون، بەڵام لە کاتی شەڕەکەدا هەڵاتن. 
 
چەند رۆژێک پێش ئێستا ئازەربایجان و ئەرمینیا بە نێوەندگیری رووسیا رەزامەندییان پیشاندا بۆئەوەی کۆتایی بە شەڕی 6 هەفتەی رابردوویان بهێنن، ئەوەش دوای ئەوەی چەند ئاگربەستێکی پێشوو لە وەستاندنی شەڕەکە شکستیان هێنا. 
 
خاڵێکی سەرەکی رێککەوتنەکە ئاماژە بەوە دەکات، دەبێت ئەرمینیا تاوەکو 20ی تشرینی دووەم لە شارۆچکەکانی کاڵبەجار و ئاغادەم نەمێنێت و تاوەکو 1ی کانوونی یەکەمیش لە لاچین بکشێتەوە. 
 
ئەرمینیا دەڵێت، لە ئەنجامی شەڕەکە 2317 سەربازی کوژراون و ئازەربایجانیش هیچ ئامارێکی تایبەت بە کوژران و برینداربوونی سەربازانی رانەگەیاندووە، بەڵام سەرۆکی رووسیا دەڵێت، بەهۆی شەڕەکەوە زیاد لە 4 هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون و دەیان هەزار کەسیش ئاوارەبوون. 
 
بە مەبەستی جێبەجێکردنی بەندەکانی ئاگربەستەکە و رێککەوتنەکەش حکومەتی رووسیا هێزێکی ئاشتیپارێزی گواستووەتەوە ناوچەکە. 
 
هێزەکە لە نزیکەی دوو هەزار سەرباز پێکدێت و بڕیارە بۆ ماوەی 5 ساڵ لەوێ بمێنێتەوە.