سەرۆکی ئازەربایجان ئاڵای وڵاتەکەی لە ناگۆرنۆ قەرەباخ هەڵکرد
رووداو دیجیتاڵ
لە دوای زیاتر لە 30 ساڵ لە دەسەڵاتی نیمچە سەربەخۆی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ، ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکی ئازەربایجان سەردانی هەرێمەکەی کرد و بۆ یەکەمجار ئاڵای وڵاتەکەی لەو هەرێمە هەڵکرد.
لە دوای رووخانی یەکێتیی سۆڤێتی جاران، ئازەربایجان و ئەرمینیا و 13 وڵاتی دیکە لەو قەوارە سیاسییە گەورەیە جیابوونەوە، هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخی زۆرینە ئەرمەنی کە ئەو کاتە ژمارەیان سەرووی 80 هەزار کەس بوو، نەیانتوانی لە ئازەربایجان جیا ببنەوە و خۆیان بە وڵاتی ئەرمینیا بلکێنن.
لەو ساڵەوە ناکۆکی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا دروست بوو و لە شەڕی ساڵی 1994ـدا ئەرمینیا بە هاوکاری چەکدارە ئەرمەنەکانی قەرەباخ توانی هەموو هەرێمەکە و بەشێك لە ناوچە ئازەرییەکانی دەوروبەری بخاتە ژێر کۆنترۆڵی ئەرمەنەکان کە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی جودا لە ئازەربایجانیان دامەزراند و لە رێگەی رێڕەوی " لاچین"ـەوە پەیوەندی جوگرافی لەگەڵ ئەرمینیا دروست کرد.
لە 19 و 20ـی ئەیلوولی 2023، سوپای ئازەربایجان لە هێرشێكی خێرایدا چووە نێو قەرەباخ و هەموو هەرێمەکەی کۆنترۆڵکرد و زۆربەی 120 هەزار دانیشتووانەکەی بەرەو ئەرمینیا کۆچیان کرد.
رۆژی یەکشەممە، 15-10-2023، ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان سەردانی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخی کرد، سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە لە راگەێندراوێكدا گوتی" عەلیێڤ سەردانی شاری خانکیندی، پایتەختی قەرەباخی کرد و ئاڵای وڵاتی هەڵکرد"، لە کاتێکدا لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەرمەنیدا ستیپاناکرت ناوی پایتەختەکە بوو و 'ئارتساخ'یش هەرێمەکە.
بە هەڵکردنی ئاڵای ئازەربایجان، کۆتایی بە یەکێک لە پەڕاوە ئاڵۆزەکانی ناوچەی باشووری قەفقاز دەهێندرێت کە بۆ چەندین ساڵ کێشەی نێوان رووسیا و وڵاتانی رۆژئاوا درووست کردبوو.
دوو هەزاری رووسیا بەرپرس بوون لە رێککەوتنی ئاشتی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان کە لە ساڵی 2020 بە نێوەندگیری مۆسکۆ رێککەوتنەکە واژۆ کرا و خرایە بواری جێبەجێکردنەوە
بەهۆی رووخانی دەسەڵاتی خۆجێی ئەرمەنەکان لە قەرەباخ رەخنەی توندی لە رووسیا گرت و مۆسکۆی بە کەمتەرخەم لە ئاست هێرشە سەربازییەکەی ئازەربایجان ناوبرد.
بێدەنگی کرملین لە دوای لێدوانێكی سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا سەبارەت بە رووسیا هات کە تێیدا باسی لە " گۆڕینی ستراتیژییەتی" لەگەڵ رووسیا کرد و گوتی پێویستە " چاو بە پەیوەندیییەکانمان لەگەڵ رووسیا بخشێنینەوە"، دوای ئەو لێدوانە ئەرمینیا بۆ یەکەمجار دەستی بە راهێنانە سەربازییەکانی لەگەڵ سوپای ئەمریکا کرد.