بولگاریا ژمارەیەک کۆچبەری عێراقی و سووری دەستگیر دەکات


رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی بولگاریا 26 کۆچبەری دەستبەسەرکرد کە زۆربەیان عێراقی و سووریان. 
 
رۆژی هەینی، 14ی تشرینی یەکەم، 26 کۆچبەری سووری، عێراقی و مەغریبی لە سۆفیای پایتەختی بولگاریا لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەرکران. کۆچبەرەکان گوێزرانەوە بۆ بنکەی پۆلیس بۆ وەرگرتنی گوتە لێیان و دواتریش گوێزرانەوە بۆ ناوەندەکانی کۆچبەران کە لەلایەن نووسینگەی پەنابەرانی وڵاتەکەوە لە سۆفیا سەرپەشتییان دەکرێت. 
 
بەرپرسانی بولگاریا دەڵێن، ئەو کۆچبەرانەی دەچنە نێو خاکی وڵاتەکەیان بە زۆری خەڵکی عێراق و سووریان، بەڵام ماوەیەکە کۆچبەری مەغریبیش لە پارێزگا جیاجیاکانی وڵاتەکە دەستبەسەردەکرێن. 
 
بەپێی ئامارەکانی دەزگای لووتکە، تەنیا لە ساڵی 2021دا 53 هەزار کەس لە باشووری کوردستان و عێراقەوە کۆچیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا کردووە، لەو ژمارەیەش 45یان گیانیان لەدەستداوە و 43شیان بێسەروشوێنن. 
 
سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵیش ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لووتکە بە رووداوی گوت: "کۆچکردنی عێراقییەکان بە رێژەی 35٪ بۆ 40٪ زیادیکردووە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2022، ئاژانسی پاسەوانیی سنوورە دەرەکییەکانی یەکێتیی ئەوروپا ناسراو بە فرۆنتێکس رایگەیاند، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە 9 مانگی یەکەمی 2022 بە نایاسایی چوونەتە نێو یەکێتیی ئەوروپاوە، 70٪ زیاتر بووە بەراورد بە بەرزترین ژمارەی پەڕینەوە کە لە 2016 تۆمارکرابوو.
 
فرۆنتێکس دەڵێت، لە 9 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 228 هەزار و 240 کۆچبەر بە نایاسایی چوونەتە نێو وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا؛ باسیش لەوە دەکات، 106 هەزار و 396 کەسیان بە نێو وڵاتانی باڵکاندا چوونەتە نێو یەکێتییەکەوە.
 
ئاژانسەکە لە راگەیێندراوەکەیدا باسی لەوەش کردووە، ئەو ژمارەیەی پەڕینەوەی کۆچبەران بۆ نێو ئەوروپا 170٪ زیاترە بەراورد بە پەڕینەوەی کۆچبەران لە هەمان ماوەی 2021دا.