رووداو دیجیتاڵ
سەرکردە سەربازییەکانی ناگۆرنۆ قەرەباخ داوایان لە خەڵکەکەیان کردووە چەک لە دژی ئازەربایجان هەڵگرن. بەپێی سەرچاوەکان، خەڵک لە هەموو تەمەنێکەوە رۆژانە دەڕۆن لە نووسینگەی تۆمار خۆیان ناونووس دەکەن.
ڤالێری ئۆڤانیسیان، خەڵکی ناگۆرنۆ قەرەباخ دەڵێت "لە نووسینگەی ناوتۆمارکردن بەدوایاندا ناردم و چەكێکیان پێداین بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەم. هەمیشە ئامادەم لەپێناو خۆشگوزەرانیی منداڵەکانم بجەنگم".
هەندێک لە خەڵکی قەرەباخ هەرگیز دەستیان نەداوەتە چەک، بەڵام بەهۆی هێرشی ئازەربایجان ئێستا لە بەرەی جەنگن.
ئێدیک حڤانسیان خەڵکی ناگۆرنۆ قەرەباخە و ئاماژە بەوە دەکات "یەکەمجارە ئەم شتە بێمانایە دەکەم، لە ژیانی خۆمدا چەکم هەڵنەگرتووە".
دانیشتوانی شاری مارتونی لە ناگۆرنۆ قەرەباخ تەمەنێکە بە ئاگری شەڕی ئازەربایجان و ئەرمینیا دەسووتێن، ژیانی خەڵکەکەش لەگەڵ چەک و دەنگی تەقە ئاوێتە بووە.
بێنیک ئۆپسیپان، هاووڵاتییەکی تەمەنی 91 ساڵی قەرەباخە، مێژووی تاڵی شەڕی ئازەربایجان و ئەرمینیای بینیوە، خانووەکەی خاپوور بووە و توڕەیە، ئەویش بەو تەمەنەوە دەستیداوەتە چەک.
خەڵکی ئەرمینیا خەریکە متمانەیان بە رووسیا نامێنێت، دەڵێن "ئێمە رێزمان لە رووسیا دەگرت، کەچی ئەو دەچێت بازرگانی لەگەڵ تورکیا دەکات و وێستگەی ئەتۆمیان بۆ دروستدەکات".
شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان سەرەڕای ئاگربەست بە نێوەندگیریی رووسیا، پێیناوەتە هەفتەی سێیەم، لە 27ی ئەیلوولەوە و لەوەتەی شەڕ هەڵگیرساوە، بەرپرسانی ناگۆرنۆ قەرەباخ دەڵێن 532 کەسیان لێکوژراون، ئازەربایجان قوربانیی سەربازیی رانەگەیاندووە، بەڵام دەڵێت 42 کەسی سڤیلیان کوژراون.
سەتان هاووڵاتیی خۆبەخشی ئەرمینیا خۆبەخشانە بەشدارن لە شەڕی ناگۆرنۆ قەرەباخ. رۆژانە خەڵکی ناگۆرنۆ قەرەباخ لەسەر داوای بەرپرسانی کۆماری ئارتساخ خۆبەخشانە ناویان تۆماردەکەن تاوەکو بەشداربن لە شەڕ لەگەڵ ئازەربایجان.
دوای شکستهێنانی ئاگربەست، رۆژی رابردوو ئازەربایجان بە فەرمی دەستپێکردنەوەی شەڕی راگەیاند. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئەرمینیا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 کەسی سڤیل و سەربازی لە ناگۆرنۆ قەرەباخ بەهۆی بۆردوومانەکانی سوپای ئازەربایجان گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ