پێنوێنی دیمۆکراسی: عێراق لە 10 یەکەمین وڵاتانی جیهانە کە زۆرترین هەڕەشە لەسەر دیموکراسییەکەی هەیە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی دوایین راپۆرتی پێنوێنی دیموکراسی، لە سویسرا کەمترین هەڕەشە و لە سووریا زۆرترین هەڕەشە لەسەر دیموکراسی هەیە. لە کۆی 138 وڵاتیش عێراق لە پلەی 130، ئێران لە 110، سووریا لە 138 و تورکیا لە 94 دێن.
رۆژی یەکشەممە 15-09-2024 رۆژی جیهانیی دیموکراسییە، بۆ ئەم مەبەستە پەیمانگەی نۆرماندی بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوە، لە پەرلەمانی ئەورووپا راپۆرتی پێنوێنی دیموکراسیی جیهانی بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتە 100 لاپەڕەییەکەدا، لیستی 138 وڵات دانراون، کە زۆرترین و کەمترین هەڕەشەیان بۆ سەر دیموکراسی تێدایە. هەر وڵاتێک لە 0 بۆ 10 خاڵیان بۆ دانراوە، خاڵەکان چەند زیاتر بن بە مانای ئەوە دێت هەڕەشە بۆ سەر دیموکراسی لەو وڵاتە کەمە.
راپۆرتی ئەم ساڵ لەژێر ناونیشانی (هەڕەشەکانی سەر ئاشتی و دیموکراسی لە سەرانسەری جیهاندا) بڵاوبووەتەوە و سەرنجی خستووەتە سەر هەڕەشەکانی سەر ئاشتی و دیموکراسی.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، 11 هەڕەشەی جیا لەسەر ئاشتی و دیموکراسی لە جیهاندا هەن، بریتین لە: تیرۆر، قەیرانە ئابوورییەکان، گۆڕانی کەشوهەوا، ناسەقامگیریی وزە، ململانێ و تووندوتیژی، ئاسایشی ئەلیکترۆنی، زانیاریی ساختە، ئاستی پرۆسەکانی دیموکراسی، دەوڵەتی لەرزۆک، تاوانی نێودەوڵەتی لە سنوورەکان و چەکی کۆمەڵکوژ.
یەکەم و دوایین
سویسرا بۆ دووەم ساڵی لەسەریەک لە پلەی یەکەمە، نەرویج لە دووەم، ئوسترالیا سێیەم، ئایسلاند چوارەم و نیوزیلاند لە پلەی پێنجەمدا دەبیندرێن. ئەوەی جێگەی سەرنجە، هەریەک لە سینگاپۆر، مالیزیا و کۆریای باشوور کە لە ئاسیان، لە پلەکانی 7 تاوەکو 9 دێن و لە پێش 27 وڵاتەکەی یەکێتیی ئەورووپا دەبیندرێن.
سویسرا بەرزترین خاڵی هەیە ئەمەش واتا نزمترین هەڕەشە بۆ سەر دیموکراسی لەو وڵاتە هەیە و 8.5ـی هەیە. نەرویج 8.3، ئوسترالیا 8.06، ئایسلاند 8.05 و نیوزیلاندیش 7.94ـی هێناوە.
لە وڵاتە عەرەبییەکان عومان بەرزترین خاڵی هەیە، لە پلەی 12 دێت و 7.34ـی لەسەر 10 هەیە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات هەر وڵاتێک 5.74ـی بەسەرەوە بەدەستهێنابێت، ئەوا ئاستی ئاسایی و سەرووتری تۆمار کردووە. لە پێنوێنەکە 71 وڵات لە سەرووی ئەو ئاستە دەبینرێن.
سووریا تەنیا 2.6 خاڵی بەدەستهێناوەو لە پلەی کۆتایی واتا لە 138 دەبینرێت، بەراورد بە راپۆرتی ساڵی رابردوو 8 پلە چووەتە خوارەوە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "بەردەوامی جەنگی ناوخۆی سووریا لە 2011ـوە قەیرانێکی گەورەی مرۆیی دروستکردووە و چەندین هەزار کەسی ئاوارە و دەربەدەر کردووە. بوومەلەرزەکەی شوباتی 2023 قەیرانەکانیان خراپتر کرد و تیرۆر بە شێوەیەکی بەرچاو و بەربڵاو هەیە."
لە دوای سووریا، ئەفغانستان دێت، کە 2.85ـی هەیە و پاشان هەریەک لە کۆماری ئەفریقای نێوەڕاست، چاد، کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، سۆماڵ، یەمەن و سوودانی باشوور دێن.
عێراق و ناوچەکە
لەبارەی عێراق، راپۆرتەکە نووسیویەتی وڵاتەکە لە پلەی 130 دێت، لە دوای 20 ساڵ لە دەستپێکی داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، وڵاتەکە هێشتا بە دۆخێکی قورسی ناسەقامگیریی ئاسایشدا تێدەپەڕێت و قەیرانی مرۆیی، ئابووری، گەشەسەندن، کورتهێنانی وزە، مەزهەبییەت و گەندەڵی هەیە. عێراق لە لیستەکە لە 10 تەنیا 3.6ـی بەدەستهێناوە.
لە راپۆرتەکە هاتووە، لە ساڵی 2023 عێراق لە پلەی 133 بوو، واتە سێ پلە هاتووتە پێش، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆمەڵێک هەڕەشە لەسەر دۆخی ئاشتی و دیموکراسی لە عێراقدا هەن. "هێرشی میلیشاکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێران، هەڕەشەیان بۆ ئاسایشی عێراق دروستکردووە. عێراق هێشتا لە ژێر کاریگەریی تیرۆر ماوەتەوە. وڵاتەکە هێشتا لە بەردەم گۆڕانی کەشوهەوا لاوازە، ئاوی کەمە و قەیرانی خۆراکی هەیە." بەپێی ناوەندەکە، عێراق رووبەڕووی کۆمەڵێک هەڕەشە بووەتەوە، بەڵام هەریەک لە تیرۆر و قەیرانی ئابووری گرنگترینیانن.
تورکیا لە پلەی 94ـە و 5.2ـی بەدەستهێناوە، بەراورد بە ساڵی پێشوو 4 پلە دابەزیوە. راپۆرتەکە لەوبارەوە بڵاویکردووەتەوە: "لە تورکیا ناسەقامگیریی ئابووری، پاشەکشەی دیموکراسی و دەستوەردان لە تەنگژە هەرێمییەکان هەیە. پارتی ئاکەپە، کە سەرۆککۆماری تورکیا سەرکردایەتیی دەکات، تا دێت دژبەرانی زۆر دەبێت. بەشداربوونی تورکیا لە دەستوەردانی سەربازیی دەرەوەی وڵاتەکە ناسەقامگیریی زیاد دەکات. ئازادی راگەیاندن و خۆڕاگریی لە زانیاریی هەڵە زۆر کەمە. نیگەرانیی لەبارەی ناسەقامگیریی وزە هەیە چونکە تورکیا بە رێژەیەکی زۆر پشت بە وزەی هاوردەکراو دەبەستێت. هەڵاوسان لە وڵاتەکە بەرزە، بەڵام نیشانەی چاکبوونەوە و بەرەو پێشچوون هەیە."
ئێران لە پلەی 110 دایە، 4.7ـی بەدەستهێناوە و بەراورد بە پارساڵ 7 پلە دابەزیوە. "لە ئێران قەیرانێکی تووندی ئابووری هەیە و سزاکانی ئەمریکا قەیرانەکانیان قووڵتر کردوون. هەندێک گەشە لە کەرت و خزمەتگوزارییەکانی نەوت هەیە، گەندەڵی هێشتا بەربڵاوە و تەنگژەکانی دژی ئیسرائیلیش بەردەوامن."
ئەو وڵاتانەی زۆرترین پلە چوونەتە پێشەوە و دواوە
لە لیستەکەی نۆرماندی، ئازەربایجان یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین بەرەو پێشچوونی هەبوو، وڵاتەکە لە ساڵی رابردوو لە پلەی لە 70 بوو ئەمساڵ لە 34 دەبینرێت، واتا 36 پلە چووەتە پێشەوە. هەروەها، هەریەک لە سەنیگال، ماداگاسکار، گینیا بیساو و هیندستان 19 پلە بەروارد بە پار چوونەتە پێشەوە.
ئەنگۆلا خراپترین تۆماری هەیە، ساڵی رابردوو لە پلەی 77 بوو، ئەمساڵ چووەتە 103 واتا 26 پلە دابەزیوە. زامبیا و تانزانیا 20 پلە، بەرازیل 15 پلە و گامبیاش 14 پلە پاشەکشەی کردووە.