سەروو 100 رێکخراوی ژینگەپارێز دژی سیاسەتەکانی حکومەتی ئەڵمانیا لە بەرلین خۆپێشاندان دەکەن

16-09-2023
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
خۆپێشاندانی بەرلین.
خۆپێشاندانی بەرلین.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە بەرلین سەروو 100 رێکخراو و کۆمەڵەی ژینگەپارێز خۆپێشاندانێکی گەورەیان دژی سیاسەتەکانی حکومەتی ئەڵمانیا سازکرد و تێیدا رەخنەیان لە حکومەتی ئەو وڵاتە گرت بۆ جێبەجێنەکردنی یاساکانی ژینگەپارێزی کە "بوونەتە هۆی هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا".
 
خۆپێشاندەران لە بەرلین لە بەردەم دەرگەی براندبۆرگ گردبوونەوە کە دیارترین سیمبوولی شارەکەیە. ئەوان بەدەم بانگەوازی بزووتنەوەی Fridays for Futureـەوە هاتوون. 256 هەفتەیە خۆپێشاندان دەکەن و داوا دەکەن خۆپێشاندانەکە بەجیهانیی بکرێت. 
 
پیت تێریونگ، گوتەبێژی بزووتنەوەکەیە؛ تازە تەمەنی بووەتە 18 ساڵ و ماوەی سێ ساڵە لەگەڵ هاوتەمەنەکانی کار لەسەر هۆشیاریدان لەبارەی کاریگەرییە مەترسیدارەکانی گۆڕانەکانی کەشوهەوا دەکات. ئەو دەڵێت، بزووتنەوەکەیان بووەتە هۆکاری بۆ ئەوەی یاسای نوێی ژینگەپارێزی لە ئەڵمانیا دەربکرێن، بەڵام داوا دەکات حکومەتی وڵاتەکەی کاری زیاتر لەو بارەیەوە بکات. 
 
پیت دەڵێت، "ئەمڕۆ ئێمە لێرە لەسەر شەقام وەستاوین بۆ ئەوەی داوای جێبەجێکردنی پێدانی پارەی کەشوهەوا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بکەین. حکومەت ئەم بەڵێنەی بە ئێمە دابوو، هەروەها داوای تووندترکردنی یاسای پاراستنی کەشوهەوا دەکەین. ئێمە دیبەیتی کەشوهەوامان هێنایە نێو ئەڵمانیا و خۆشبەختانە لەم ماوەیەدا بووە مژارێکی سەربەخۆ و لە هەموو شوێنێک دەربارەی کەشوهەوا قسە دەکرێت. ئێستا حکومەتێکمان هەیە کە بەداخەوە دوای پێنچ ساڵیش کار بە گوێرەیی کەمکردنەوەی 1.5 پلەی گەرما ناکات."
 
گرین پیس، رێکخراوێکی جیهانییە و داوای رێکاری پاراستنی ژینگە و کەشوهەوا دەکات. ئاخیم کوڕت تەمەنی 75 ساڵە و ماوەی 17 ساڵە لەگەڵ ئەو گرووپە کار دەکات. ئەو دەڵێت: قەیرانی کەشوهەوا لە حەفتاکانەوە هەیە و پەرتووکێکی ئەستووریش لەمبارەوەیە هەبوو؛ بەناوی گۆڕانی کەشوهەوا، و هەموو حکومەتەکان پێشووتر دەیانزانی چی بە سەر ئێمەدا دێ. چەند ئێمە زیاتر بوەستین، ئەوەندەش خراپتر دەبێت. ئێمە ئێستا کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە زۆر وڵات دەبینین."
 
تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بە ئەکادێمیستەکان و کاسپکارانەوە لەو خۆپێشاندانەدا بەشدار بوون. هەریەکە لەو گرووپانەش سەرنجت بۆ بوارێک رادەکێشێت. گرووپێکی کۆریای باشوور خەڵکی لەسەر مەترسییەکانی وێستگە ئەتۆمییەکان هۆشیار دەکەن و فۆکۆشیما بە نموونە دەهێننەوە و دەڵێن، دەبێت بەرەو کۆتاییهێنان بە ئەتۆم لە بواری سڤیلیشدا بڕۆین.
 
ئۆبۆک کوئۆن، چالاکڤانی ژینگەپارێزی خەڵکی کۆریایی باشوورە و دەڵێت، "لەوانەیە ئەمڕۆ تا بەیانی نەکرێت، بەڵام پێویستە ئێمە بەو ئاراستەیە بڕۆین. وێستگەکانی ئەتۆمیش وەک ئۆتۆمبێلەکانن. ئۆتۆمبێلی زۆر باش، زۆر جوان و زۆر گرانبەهاش دوای بەکارهێنانی چەند ساڵێک، کاتێک دێت و تێکدەچێت و کێشەی بۆ دروست دەبێت. وێستگەکانی ئەتۆمیش بەهەمان شێوەن، بەڵام کێشەکە ئەوەیە لە رووداوی زۆر بچووکیشدا وەک ئۆتۆمبێل نییە، کاریگەری زۆر خراپی هەیە." 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە